کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕبوونەوەیەکی نەوسنانە بە نێو لیستی نرخی خواردەمەنیاندا

10:21 - 24 سەرماوەز 2725

دارسمە

دونیای دیجیتاڵ، دونیایەکی شیرینە، بەڵام بە داخەوە پاژی دووەمی وشەی "دیجیتاڵ" تاڵێکی سەیرە. لە کاتێکدا داواتان لێ دەکەم لە مانای وشەی تاڵدا بە لاڕێدا مەڕۆن و وامەزانن مەبەست تامی تاڵە، ئەو تامەی ڕێک دەکەوێتە هەمبەر تامی شیرین. زانایانی زیندەوەرناس کاتێک لە زانستی خۆیاندا باس لە چێژتنی تامان دەکەن، دەڵێن زمان بۆ چێژوەرگرتن لە تامی خواردەمەنیان بەسەر چەند بەشاندا دابەش کراوە. هەستکردن بە تامی تاڵ ئەرکی بەشی کۆتایی زمانە و ئەم بەشەش دەکەوێتە بەشی ئاخری نێودەم و لە قوڕگەوە نزیکە. هەر لەبەر ئەمەشە فڕێدانەوەی تامەکە دوای هەست‌پێکردن، ئەوەندە سانا نییە و دەتخانە کۆکە و ئاو لە چاوان هێنان و عەیب نەبێت ئێوەش وەک باب و برامن و دەکرێت بڵێم ڕەنگە تف‌کردنەوەی تامی تاڵ و کۆکەی هاوڕێی، هەموو کون و کەلەبەری لەشمان بەدەنگ بهێنن.

ئەگەر دەتانەوێ ڕاستی لەم دەمەی منەوە ببیستن، لە سەرەتادا هیچ مەبەستم ئەمە نەبوو باسی تامی تاڵ بکەم و ئەم دیجیتاڵ و میجیتاڵە تووشی ئەم بەڵاڕێداچوونەی کردم. هەر بۆیە دەڵێم یاڕەبی هیچ‌کامتان لەسەر دونیای دیجیتاڵدا بە سەر ڕۆژی تاڵدا نەکەون. بەڵام من بەسەر ئەم ڕۆژە تاڵەدا کەوتم.

کاتێک دەستحەقی مانگانەی خۆمم بەم دۆلارە پیسەوە بەراورد دەکرد، دوای ئەوەی زانیم ئەمریکا دۆلارەکەی زۆر گران کردووە و من بەم مووچەی مانگانەیەم بە هەزار زەحمەت دەتوانم دوو سەد دۆلار بکڕم، تێر تێر بە ڕیشی ئەمریکا پێکەنیم و زۆر لام سەیر بوو، باشە ئەگەر ئەم دۆلارە هەر ئاوا گران بێت، بڵێی هەموو بە ملی ئەمریکادا نەمێنێتەوە؟ ئاخری هاتمە سەر ئەوەی لەم دونیا دیجیتاڵەدا چاوێک بە لیستی نرخی پێداویستییاندا بخشێنم. دونیای دیجیتاڵ وای کردووە ناچار نەبین سەر بە دووکاناندا بکەین و بێ‌ئەوەی هیچ بکڕین، لە کابرای دووکاندار بکەوینە پرسیاران و لێکدا لێکدا نرخی شتومەکی نێو دووکانەکە بپرسین و هیچیش نەکڕین. هەر لەبەر ئەمەشە وەرن با بەیەکەوە سەیرێکی لیستەی نرخی شتومەک و پێداویستی سەر دونیای دیجیتاڵ بکەین و ئەویان بۆ ئێمە هیچی تێناچێت و کابرای دووکانداریش خۆمان لێ مۆڕ ناکاتەوە.

کاتێک سەیری ئەم لیستە دەکەی، لەوانەیە سەرەتا وا بزانی لە سەیری خشتەی کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی بۆرسەی، نەک نرخی پیواز و تەماتە! هەر شتێک بە کیلۆ و بە دانە و یەکەیەکی تایبەتەوە نرخی خۆی بۆ دانراوە و بەردەوامیش بە خێرایی فڕینی باڵندە هەواڵی بەرزبوونەوەی دەفڕێت. چاوخشاندنێک بەم لیستەدا دەکرێت بەیانیان بکرێتە وەرزشی مێشک. وەرزشێکی لەم جۆرە ئەوەندە مێشک دەجووڵێنێت، ڕەنگە باشترین ڕێگەچارەی پێشگرتن لە نەخۆشیی فەرامۆشی بێت. با بزانین دەتوانین هەتا کۆتایی لەم لیستە دوور و درێژەی کەرەستەی خواردەمەنی بڕوانین؟

مریشک: ئەو باڵندە ئەفسانەییەی ئیتر تەنها لە چیرۆکەکاندا ناوی دەبیسین. لەم لیستەدا مریشک وەک گەنجینەیەکی نیشتمانی چاوی لێ دەکرێت. نرخی یەک مریشک وەک نرخی تابلۆیەکی دەگمەنی لێ هاتووە و تەنیا دەوڵەمەندان توانای کڕینیان هەیە. ئەگەر تەرمی پیرۆزی مریشک بەمجۆرە لە ماڵان دوور کەوێتەوە، دەکرێت وەک دایناسۆڕ بە نەوەی داهاتووی بناسێنن.

کاتێک سەیری نرخی هێلکە دەکەی، لەوانەیە وا بزانی هێلکە پارچەیەک زێڕی هەژدە عەیاری لەنێو سکیدا شاردۆتەوە. نرخی برنجیش وادەکات لەماڵەوە داوای چێشتی برنج نەکەین. هیچ بەدووری مەزانن کابان بڵێت مارەیی من پارەی نیو کیلۆ برنجە و هەر ئێستاش مارەییەکەمم دەوێت. ئەوجارە وەرن شین بۆ ئەو پیاوانە بگێڕن مارەیی هاوسەریان ئەو لیرە زەردانەن وێنەی شا و مەلایان لەسەرە.

خۆزگە هەرگیز لەنێو لیستی دونیای دیجیتاڵی خواردەمەنیاندا سەیری نرخی ڕۆنمان نەکردبایە. هەر بە دیتنی ئەم وشە سێ پیتییە، بەپەلە بە نێو ژیانی ڕابردوودا دەگەڕێیەوە. قرچەقرچی ڕۆن لە سەر ئاگر، بۆنی ڕۆن و پیاز، چۆڕانەوەی ڕۆن لەو پاروە برنجانەی بەرەو دەممان سەر دەکەوتن. دڵۆپینەوەی ڕۆن لە پشکە گۆشتی نێو مەنجەڵی پڕ پڕ لە قاورمە و.... خۆزگە لەم ئاخرەدا ناوی گۆشتیش بە دەمماندا نەهاتبایە.

کاتێک چاوان شۆڕ دەکەینەوە، نرخی هەموو جۆرە گۆشتێکیش لە خوارەوەی لیستە دیجیتاڵییەکەی بەردەستمان‌دایە. ویستمان خۆمانی لێ ببوێرین و بەلایدا نەڕۆین، بەڵام چاوە و هیچی لەگەڵدا ناکرێت؟ چاو بازە و ناگیرێت. بازە، باز. مەبەست لە بازیش بازی فارسی بە مانای کراوە نییە. باز باڵندەیەکی ئەفسانییە و دەڵێن لەسەر هەر چییەک بنیشێت، خەنیی دەکات. جا چاوی وەک بازیش بەردەوام لە فڕین دایە و ناتوانێت بەسەر گۆشتدا نەفڕێت و خوێ لێ ببوێرێت. باز دەعبایەکی گۆشت‌خۆڕیشە، بۆیە دەندوکی خوارە. کوا ئەو چاوە پێشی دەگیرێت و کێ دەتوانێت لە دیتنی گۆشت پاشگەزی کاتەوە؟ چۆن دەکرێت پێش بەم بازە بگری و نەهێڵی لەسەر ڕان و سینگ و زەند و مازە‌پشت و شان و پەراسوو بنیشێتەوە؟ ئەم بەشانەی گۆشتیش هەر بە دەم ئاسانە ناویان بهێنی و نرخی ئەوانیش بووەتە باز و بەردەوام بەرەو بەرزایی دەفرێت.