کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست

10:56 - 24 سەرماوەز 2725

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی کارگرووپی خوێندکارانی بەڕێوە برد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بە خوێندکاران بوو و لەژێر ناونیشانی "ڕۆڵی بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە گۆڕانکارییەکان‌دا: بزووتنەوە خوێندکارییە جیهانییەکان لە وتووێژ-ڕاستییەکان، ئاڵەنگاری و هاوپێوەندییەکان"دا بەڕێوە چوو، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەشداریی کرد.

خاتوو "ئاگرین محەممەدی"، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران وەکوو نوێنەری ڕێکخراوەکە باسێکی چڕوپڕی لەسەر دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دۆخی خوێندکاران لە کوردستان کرد.

ناوبراو وێڕای ئەوەی بەکورتی باسێکی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەردەنگەکانی کە لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی خوێندکارانی کورد و هەڕەشەکانی بەردەمیان و هەروەها ویستە سەرەکییەکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگەی کوردستان کە بریتییە لە چارەسەری پرسی نەتەوەییی نەتەوەی کورد، ڕێگەچارەی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم توێژە و هەروەها پرسە پیشەیییەکانی خوێندکارانی کورد، ئاشنا کرد و لە هەمان کاتیش‌دا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە ئەو نوێنەرانە دەنگی خوێندکارانی کوردستان بگەیەننە وڵاتەکانی خۆیان. محەممەدی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە گەشبینین بەوەی لە ئێران‌ و ناوچەدا گۆڕانی بنەڕەتی و گرنگ ڕوو ئەدات و بێ‌گومان و بەتایبەتی لە ئێران‌دا ئەم گۆڕانانە لە دەروازەی زانکۆکانەوە تێپەڕ ئەبن و خوێندکاران یەکێک لەو توێژانە ئەبن کە داینامۆی شۆڕشی نوێن.

شایەنی باسە کە نوێنەرانی خوێندکارانی چەندین وڵات لەوانە: "ئاڵمان"، "ئیسپانیا"، "هۆلەند"، "هیندوستان"، "نیپال" ، "ئەرمەنستان"، و هتد... بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کردبوو.