بەپێی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەریی ئیدارەی بونیاد مەسکەنی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، پتر لە نیوەی خانووبەرەی ئاواییەکانی ئەو پارێزگایە قایم نین و لە ئەگەری کارەساتی سروشتیدا مەترسیی جیددییان لەسەرە.
سەرەڕای بوونی کەرەستەی پێشکەوتوو و قایمی تایبەت بە خانووبەرە لە جیهان و گەشەی خێرای تێکنۆلۆژیی کەرەستە ستانداردەکان، هەواڵدەریی "ئیرنا"ی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئاواییەکانی کوردستان وێڕای ئەوەی زیاتر لە نیوەیان بنەڕەتی بەهێز و قایمیان نییە ئەو ڕێژەیەش کە قایمسازی بۆ کراوە، وەکوو پێویست نییە.
کارناسانی بواری بوومەلەرزەناسی باسیان لەوە کردووە کە کوردستان لە نزیکی هێڵی کەلێنە خزێنەرەکانی (گسل) بوومەلەرزەدایە و لە ئەگەری هاتنی بوومەلەرزەدا زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەدواوە دەبێت و کارەساتی جیددی دەخولقێنێت.
بەرپرسانی ڕێژیم نەبوونی خانووبەرەی ستاندارد و قایمی هاونیشتمانییان بۆ کەمتەرخەمیی خەڵکی ئاواییەکان و جیددینەگرتنی لێکەوتەکانی ئەو جۆرە کارەساتانە زانیوە و خۆیان و ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیان لە بەرپرسیاربوون لە ئاستی گیان و ماڵی ئەو هاونیشتمانییانە دزیوەتەوە.
ئەو کەمتەرخەمییانەی ئیدارە و بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتیکدا کراوە کە بەپێی ئاماری کارناسانی بوومەلەرزەناسی، بەشێوەی نێونجی ساڵانە ١٥ هەتا ٣٠ بوومەلەرزەی بچووک و هەتا ڕادەیەک بەهێز لە پارێزگای سنە تۆمار دەکرێت و هەتا ئێستا لە ناوچەکانی زاگرۆسدا چەندین بوومەلەرزەی گەورە ڕووی داوە و ئەگەری بوومەلەرزەی گەورەی کارەساتبار لەئارادایە.
ئەو کارناسانە بە ئاماژەدان بە مەترسیدارترین ناوچە و شارەکانی کوردستان بۆ ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە، ئاماژەیان بەوە داوە کە شاری مەریوان و ئاواییەکانی لەسەر هێڵی کەلێنە خزێنەرەکانی بوومەلەرزەدان و بە مەترسیدارترین ناوچەکانی هەموو کوردستان بە ئەژمار دێت ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئیدارە و بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارەدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی و ئەرێنییان هەڵنەهێناوەتەوە.