کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی نیشتمانپەروەر لە بۆکان

11:30 - 24 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، خاتوو خانزاد گادانی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و دیاری بنەماڵەی گادانی بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.‎

خاتوو خانزاد لە ساڵی ١٣٠٧ لە بنەماڵەی کوردپەروەری گادانی لە شاری مەهاباد لە دایک بوو و لە هەڕەتی لاوی و پێگەیشتنیدا لەگەڵ مامۆستا مەلاساڵح ئەیووبی لە گوێک جەلی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا و هەر لە سەرەتا و دەسپێکی ژیانی هاوبەشیدا بە هۆی چالاکی و سیاسی بوونی بنەماڵەی گادانی و هەروەها تێکۆشان و کوردایەتیی بنەماڵەی مامۆستا مەلا ساڵح ئەیووبی، دەستی بە تێکۆشان و هاوکاریی ئەندامانی بنەماڵە کرد و یاری تا سەر بەوەفای تێکۆشەرانی گەلەکەمان نەمران حاجی سمایل، کاک خەلیل، کاک جەلیل و کاک محەممەد گادانی و هەروەها کوڕی تێکۆشەری، کاک حەمەدئەمین ئەیووبی مایەوە.

خاتوو خانزاد یەکێک لە چالاکوانانی سەردەمی کۆمار بوو و تا کۆتایی تەمەنی بە گوێرەی پێوست یارمەتیدەر و کەسێکی دڵسۆز و وەفادار بە بزووتنەوەی کورد و بنەماڵە و براکانی مایەوە و هاوکات لە دەورانی زیندانیبوونی براکان و دەربەدەریاندا پاڵپشت و خەمخۆر و هاندەریان بووە و نموونەیەک بوو لە خۆڕاگری .

‎ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.