لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو پەرستاری خەڵکی کرماشان کە لە سەنتەری دەرمانیی سەر بە زانکۆی پزیشکیی کرماشان کاریان دەکرد، بە هۆکاری گوشاری درێژخایەن و ماندوویەتی پیشەیی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز، "شەیدا ئەرزانی" پەرستار لە نەخۆشخانەی "ئیمام ڕەزا"ی کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەروەها شەوی شەممە ٢٢ی سەماوەز، "میلاد مروەتی" ٢٥ ساڵە و پەرستار لە ئورژانسی نەخۆشخانەی خۆمەینی لە کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناوبراو لە کۆتا پۆستی ئینستاگرامیی خۆیدا نوسیبووی: "ویستم کۆتایی بە خەم بێنم، بەڵام نەمتوانی.. خۆمم کۆتایی پی هێنا".
سەعید مورادی وەفا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەرستارانی کرماشان بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامیی تایبەتیی خۆی، ئەم ڕووداوەی بە بڕیارێکی کەسی دانەناوە، بەڵکوو هۆکارەکەی بۆ کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و پووکانەوەی کادری دەرمانیی نیزامی پەرستاری لە ئێراندا گەڕاندووەتەوە.
کەمیی بەرچاوی پەرستار، کەمیی مووچە و جیاکاری، کاتی کاریی زۆر، شیفتی درێژماوە و قورس و گوشارەکانی شوێنی کار، بە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پووکانەوەیە دادەنریت.
ئەم بارودۆخە ترسناکەی پەرستاران لە سەرانسەری کوردستان و ئێران لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایی لێ کەوتەوە کە لەگەڵ پشتگوێخستن و مامەڵەی نەشیاوی ڕێژیم ڕوبەڕوو بووەتەوە.