ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی دەرمانسازی لە ئێران لە بەرانبەر خراپبوونی دۆخی بازاڕی دەرمان لە وڵات هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە کە پاشەکەوتی دەرمان و شیری وشک تەنیا بۆ ماوەی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوو بەردەستە.
هادی ئەحمەدی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی دەرمانسازی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" وتویەتی: زیادبوونی ڕۆژانەی نرخی دراو کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر نرخی دەرمان دادەنیت.
بە وتەی ناوبراو، بەشێکی کەم لە کەرەستەی خاوی دەرمانی بە دراوی پێشنیارکراو دابین دەکرێ، بەڵام نزیکەی لەسەدا ٧٠ی تێچووی بەرهەمهێنان، بۆ بەستەبەندی و پێویستییە لاوەکییەکانە کە بە دراوی ئازاد جێبەجێ دەکرێ.
ناوبراو وتیشی زیادبوونی نرخەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی توانای کڕینی دەرمان و زۆربەی نەخۆشەکان ناچارن بە شێوەی نیوەچڵ دەرمان بکڕن یا لە کڕینی دەرمانەکان پاشگەز ببنەوە.
ئەحمەدی بە ڕەخنەگرتن لە کارکردی بیمە، پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە سیستەمی بیمە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر نەخۆشەکان.
ناوبراو باسی لە تەشەنەسەندنی کەمیی دەرمان کرد و ڕایگەیاند: هەندێک لە جۆرەکانی دەرمان یان لە کەمییان داوە یان بە شێوازی سنووردار دابەش دەکرێن.
بابەک مێسباحی، ئەندامێکی تری لێژنەی بەڕێوبەریی ئەنجونەکە لەهەمبەر کەمبوونەوەی نزیک بە ٨٠٠ جۆری دەرمان لە سی مانگی داهاتوودا وتی: " دۆخی پاشەکەوتی دەرمان بە شێوەی نێوەنجی کەمتر لە دوو مانگە، هەروەها دۆخی شیری وشکیش بەهەمان شیوەیە".
هەروەها ئاگاداریی ئەوەشی داوە کە ئەو دەرمانەی زۆر بەکار دەهێنرێن و دروستکراوی ناوخۆن لە بازاڕدا بە سەختی دەست دەکەون یان هەر دەست ناکەون.
بەپێی وتەی مێسباحی، قەرزی کۆمپانیاکانی دابەشکردن و نەختینەیی لە کارخانە دەرمانییەکان، هاوکات لەگەڵ دابەزاندنی نرخەکان و ناکارامەیی بیمەکان، پیشەسازیی دەرمانی لاواز کردووە و پرۆسەری چارەسەریی نەخۆشانی پەک خستووە.
کەمیی بەرچاوی دەرمان، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخ و ناکارامەیی بیمە، ژیانی ملیۆنان نەخۆشی لە ئێراندا تووشی گرفت کردووە و لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم ڕەوتەدا تووشی قەیرانی دەرمان دەبێت.