کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بیرۆکە شەڕانگیزییەکانی لەڕێگەی پشتیوانیی دووبارە لە حیزبوڵڵای لوبنان

11:44 - 25 سەرماوەز 2725

لە کاتێکدا دەوڵەتی لوبنان هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکەی و ئارامیی ناوچەکە لە ڕێگەی چەککردنی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان گرتووەتە بەر، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی بەمەبەستی گێرەشێوێنیی زیاتر ئەو گرووپە لەدژی دەوڵەتی لوبنان و ئیسرائیل هان دەدات.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا سەفییەدین نوێنەری حیزبوڵڵا لە تاران، پێداگریی لە پشتیوانییەکانی ڕێژیم لە گرووپی چەکداری حیزبوڵڵا کردەوە و ڕایگەیاند: "لێبڕاوانە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا بەردەوامین".

ویلایەتی لە لێدوانیدا بۆ هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم لەمەڕ چۆنیەتیی تێڕوانینی بەنیسبەت ئەو گرووپەوە وتوویەتی: "حیزبوڵڵا یەكێک لە پێگە سەرەکییەکانی بەرەی مقاومەتە و ڕۆڵی گرنگی خۆی لەبەرانبەر بەربەرەکانێ لەگەڵ ئیسرائیلدا گیڕاوە و دەگێڕێت". 

هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزبوڵڵا لە تاران ئاماژەی بەوە داوە کە "حیزبوڵڵا لە ئێستادا لە هەمووکات بەهێزترە".

ئەو لێدوانەی سەفییەدین لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەدان سەرۆک، سەرکردە، فەرماندەی باڵا و کەسایەتیی دیاری ئەو گرووپە وەک حەسەن نەسرۆڵڵا، ئیسماعیل هەنییە، عەلی تەباتەبایی و هاشم سەفییەدینی لەنێو بردووە و حیزبوڵڵا بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی سەفییەدین لە ئەوپەڕی لاوازیی پێکهاتەیی، سەربازی و ئەمنییەتیدایە.

هەروەها لە حەفتەی ڕابردوودا عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی تاران لەبارەی حیزبوڵڵاوە وتبووی: "حیزبوڵڵا بۆ لوبنانییەکان لە ئاو و نان گرنگترە".

هاوکات لە دوای ئەو لێدوانەی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، "یووسف ڕەجی" وەزیری دەرەوەی لوبنان لە دژکردەوەیەکی تونددا ڕوو لە خامنەیی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەوەی لە نان و ئاو گرنگترە "سەروەریـ"ـیە و ئەو لێدوان و هەوڵانەی ڕێبەری ڕێژیم و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی تاران بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری لوبنانە".