بڵاڤۆکی فارێن پالیسی لە دووتوێی ڕاپۆرتێکیدا وێڕای باسی لەدەستدانی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی ئێراندا ئاماژەی بەوە داوە کە لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بنەڕەتی وا لە ئێراندا دێتە گۆڕێ کە نە تەنیا ئاستی ڕێبەریی سیاسی بەڵکوو پێکهاتەی واتایی و ئەخلاقی کۆمەڵگەش لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکە، ئەگەرچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی ناوەندە ئەمنییەتی و تۆڕە ناوچەییەکانییەوە خۆی بە بەهێز نیشان دەدات، بەڵام ڕێژیمی تاران ئەو جیهانەی کە هێما و ئەخلاق و ڕەوایی دەسەڵاتەکەی لەسەردا چێ کردووە، لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەکانی "فارێن پالیسی"، ڕەوتی ئاڵوگۆڕییەکان لە ئێراندا لە ١٥ ساڵی ڕابردووەوە بەشێوەی هێدی هێدی دەستی پێکردووە و خەریکە هەموو پێکهاتە و کون و قوژبنێکی ئێران لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئەو بڵاڤۆکە باسی لەو کردووە کە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی ئەخلاقی لەنێو کۆمەلگەی ئێراندا کەلێنی قووڵی خستووتە نێوان بەناو "نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی" و کۆمەڵگەی ئێران و ئەو کەلێنەش ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کردووە و لەو بارەوە نووسیویەتی: "لە ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، حکوومەتی ئێران پێگەی ئەخلاقی و هەندێک هێمای وەک "شەهید"، "ئەرکی پیرۆز" و "زمانی یەکگرتووی میللی" کە بە درێژایی مێژووی خۆی هەوڵی جێگیرکردنی لەنێو خەڵکی ئێراندا دابوو، بە تەواوی لەدەست دا".
هەر لەو پێوەندییەدا "فارێن پالیسی" پڕژاوەتە سەر ئەو بابەتەی کە ڕەنگە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەیەک کپ بووبێت، بەڵام هێما و بەهاکانی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر شەقامەکاندا ماوە و دەشمێنێتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکەدا هاتووە کە "کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات، بەڵام تەنیا دەوڵەتێک بەڕێوە دەبات کە چیتر کۆمەڵگەی ئێران هێما و دروشمە پیرۆزەکانی بە فەرمی ناناسێت و لە داهاتووشدا ئەو هەڵسوکەوت و کەلێنانە لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی ئێراندا شوێندانەریی ڕاستەوخۆیان دەبێت.