بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە پارێزگای ورمێ تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە ٣٠٧ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی کار، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، نەبوونی چاوەدێریی دروست و ناستانداردبوونی کەرەستەی بیناسازییەوە گیانیان لەدەست داوە.
هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەنێوان مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە پارێزگای ورمێ، لانیکەم ١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و ٢٩٤ کرێکاری دیکەش بریندار بووە.
هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان هۆکاری ڕێژەی زۆریی ڕووداوی کار لە پارێزگای "ورمێـ"ـیان بۆ نەبوونی ئیمەنیی کار، نەبوونی چاوەدێریی دروست، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، لاوازیی بەڕێوەبەریی و پێکهاتەیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم گەڕاندووتەوە.
ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم لە زاری پزیشکی دادوەریی لە پارێزگای ورمێ باسی لەوە کردووە کە زیاترین هۆکاری گیانلەدەستدانەکانی ڕووداوی کار بەهۆی حاڵەتەکانی بەربوونەوە لە بەرزایی و بەربوونەوەی کەرەستەی قورسەوە بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، لە کۆی ١٦٤ حاڵەتی ڕووداوی کار لە مانگی ڕەزبەردا ٨ کەسیان ژن و ١٥٦ کەسیان پیاو و لە مانگی خەزەڵوەیشدا لە کۆی ١٣٠ حاڵەت، ٧ کەسیان ژن و ١٢٣ کەسیش پیاو بووە.
بەپێی ئەو ئامارەی هەواڵدەریی "ئیلنا"ی ڕێژیم، ڕێژەی ڕووداوەکانی کار ساڵ بە ساڵ هەڵکشانی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت.
ڕێژەی بەرچاوەی حاڵەتەکانی ڕووداوی کار کە بەپێی ئاماری هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم تۆمار کراون، ڕاست نین و ڕاپۆرتی هەواڵدەییەکانی ڕێژیم دەرخەری ئەوەن کە ئاماری ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوانە زۆر لەوە زیاتر و بەرچاوترە و ناوەندە ئاماری و پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچکات ئاماری ڕاستەقینە لەو بارەوە بڵاو ناکەنەوە.