کۆمەڵێک لە کرێکارانی کانگای "زەڕەشۆرانـ"ـی تیکاب، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز لە ناڕەزایەتی بە لابردنی خزمەتگوزاریی خۆشبژێوی، هەڵاواردنی پێکهاتەیی و بەڕێوەبەریی سەر بە سپای پاسداران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
کانگای "زەڕەشۆران" وەک یەكێک لەگەورەترین کانگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە ساڵی ڕابردوودا درا بە شیرکەتی "ئاریانا"ی سەر بە سپای پاسداران و دەرکەوتەی ڕاستەوخۆ و نەرێنی ئەو ئاڵوگۆڕە لەسەر دۆخی بژێوی و پیشەی هێزی کاری خۆجێیی ئەو کانگایە داناوە.
بەپێی لێدوانی یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی، لە دوای دانی ئەو کانگایە بە سپای پاسداران، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی کرێکاران کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن لابراون و لە بەرانبەردا هێزی کاری ناخۆجێیی و سەر بە سپای پاسداران هەموو ماف و خزمەتگوزارییەکیان پێ دراوە.
کرێکارانی ناڕازی ڕەوتی ئەو هەوڵانەیان بە هەڵاواردنی ئاشکرا، باندبازی و نادادپەروەریی سیستەماتیک لە قەڵەم داوە و خوازیاری کۆتاییهاتن بەو جۆرە سیاسەتە بوون.
هەروەها پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ناڕەزایەتیی ئەوان بە تەواوەتی ئاشتیخوازانەیە و بێجگە لە داوای مافی یاسایی خۆیان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان هیچ مەبەستێکی دیکەیان نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هاوکات هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەنیسبەت ئەو ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەی کرێکارانەوە دژکردەوەی توندیان نیشان داوە و سەرەڕای هەڵکوتانەسەر ئەو کۆبوونەوەیە، هەڕەشەی دەرکردنیان لە کرێکاران کردووە.
ناڕەزایەتیی کرێکارانی کانگای زەڕەشۆران هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٨ کاتژمێری خایاندووە و سەرباری بوونی کەشوهەوای سارد لە ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانەیان بەردەوامن.
شایانی باسە هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو کانگایە و شیرکەتی پێوەندیدار هیچ وڵامێکی ڕوونیان بە داواکاریی ڕەوای کرێکاران نەداوەتەوە.