کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و پەرەسەندنی گوشاری بژێوی ژیان بۆ سەر بنەماڵەکانی ئیلام

15:58 - 11 سەرماوەز 2725

سەرەڕای ئیددیعای بەردەوامی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی هەڵاوسان و گەشەسەندنی پێنوێنەکان، نوێترین ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە پارێزگای ئیلام وەکوو پێشوو لەنێو گرانترین پارێزگاکانی ئێرانەدایە و بە کردەوە هیچ نیشانەیەک لە کەمبوونەوەی ڕاستەقینەی گوشاری ئابووری بەدی ناکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکی ڕێکخراوی پیشەسازی، کانگا و بارزگانیی ئیلام، نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لەو پارێزگایە لە ١٢ مانگی ڕابردوودا هەتا مانگی خەزەڵوەر ٤٤.٣ لەسەد بووە؛ ڕێژەیەک کە ٣.٩ لەسەد سەرووتر لە ڕیژەی سەرانسەری بە ٤٠.٤ لەسەدە و ئیلام لە پلەی ٥ـەمی گرانترین پارێزگاکانی ئێرانەدایە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیلام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەموو کات لە نێوان سێ هەتا چوار پارێزگای یەکەمی پێنوێنی هەوڵاوساندا بووە و لە ئێستادا سەرەڕای بوونی کەمبوونەوەی مەودای لەگەڵ نێونجی سەرانسەری لە ئێران، هەروا وەکوو ناوچە گوشارلەسەرە ئابوورییە قورسەکان بە ئەژمار دێت.

لە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیشدا بە ڕێژەی ٤٩.٤ لەسەد ئەو پارێزگایەی گەیاندووەتە پلەی ١٤، بەڵام بە هەمان شێوە دەرخەری ئاستی بەرزی چوونەسەرەوەی نرخەکان بەنیسبەت ساڵی ڕابردوویە.

وێڕای ئیلام، هەر کام لە پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ و سنەش لەم چەند ساڵەی دواییدا بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان لەو پارێزگایانە بوون کە هەموو کات نرخی هەڵاوسان تێیاندا چەند قات بووە و گرانیی پێداویستییە سەرەکییەکان، خانووبەرە و وزەی گوشاری بێوێنە لەسەر سەوەتەی خۆراکیی بنەماڵەکانی کوردستاندا داسەپاندووە.

ناتەبایی پێکهاتەیی گەشەپێدان، نەبوونی سەرماریەگوزاریی پێویست لە سەرانسەری کوردستان، چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاری بەنیسبەت نێونجی سەرانسەری ئێران و نەبوونی چاوەدێریی شوێندانەر هۆکارگەلێکن کە کارناسان بە چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکانی کوردستانی دەزانن.