دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی سەرماوەز بە بەشداریی شاندێکی ڕێبەریی حیزب تەرمی کاک حوسێن کوردنەژاد، نووسەر و توێژەری کورد لە گۆڕستانی پیرمام بە خاک سپێردرا.
لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی کاک حوسێن کوردنەژاددا کە بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان و دەیان نووسەر و ئەدیب و چالاکی سیاسی بەڕێوە چوو، تاجەگوڵی وەفا و پێزانینی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە تەمەنێک خزمەتی نەتەوەیی و زانستیی ئەو کەسایەتییە سیاسی و زانستییەی کورد لەلایەن کاک محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لەسەر گڵکۆی نەمر کورنەژاد داندرا. هەر لەو ڕێورەسمەدا چەند کەسایەتییەکی سیاسی و نووسەر و توێژەری کورد وتاریان پێشکێش کرد و لە وتارەکانیاندا باسیان لە خزمەتە زانستی و ئاکادیمییەکانی کاک حوسێن کوردنەژاد کرد.
کاک حوسێن کوردنەژاد لە ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ناوداری شاری ورمێ لە دایک بوو بوو. خوێندنی سەرەتایی لە ورمێ و قۆناغەکانی ناوەندیی لە تاران خوێند و قۆناغەکانی خوێندنی ئاکادیمیکی لە زانکۆکانی تورکیە، بریتانیا و سوێد لە بواری جوغرافیای مرۆیی، دێموگرافی و دێموکراسیدا بڕی. کتێبی زانستی-ئابووریی ''بازاڕ چییە'' کە لە زمانی سویدییەوە کردوویەتە کوردی، یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی حوسێن کوردنەژاد بوو.
کاک حوسێن کوردنەژاد چالاکی و تێکۆشانە سیاسییەکانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەست پێ کرد و ماوەی چەند ساڵێک لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاریس و نوێنەرایەتیی حیزب لە سوێد تێکۆشانی پڕخزمەتی هەبوو. نەمر کوردنەژاد ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو گەڕابۆوە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر لە ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستاندا بەرپرسی دیسکی ئابووریی ئەو ئەنیستیتۆیە بوو و لەو ماوەیەدا دەیان توێژینەوەی گرینگ و بەبایەخی لەسەر گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە خەرمانی خزمەت و بەرهەمە سیاسی و زانستییەکانی زیاد کرد.
کاک حوسێن کوردنەژاد بەداخەوە شەوی هەینی، ٢١ی سەرماوەز لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشیی لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک حوسێن کورنەژاد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک حوسێن دەکا و خۆی بە شەریکی خەم و ماتەمیان دەزانێت.
