کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ شیرکەتی ئەمریکایی بە هەناردەکردنی پارچە چەکی پەهپادی و مووشەکی بۆ ڕووسیە و ئێران تاوانبار کران

16:40 - 26 سەرماوەز 2725

شیرکەتێکی یاسایی لە ویلایەتی تێگزاسی ئەمریکا سکاڵای لە دژی سێ شیرکەت تۆمار کردووە کە پارچەی چەکی پێویست بۆ دروستکردنی پەهپاد و مووشەکیان بەشێوەی نایاسایی هەناردەی ڕێژیمی تاران و ڕووسیە کردووە.

بڵاڤۆکی "واتس تێرایل فێرم" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو سکاڵایە لە دادگای تێگزاسی ئەمریکا لە دژی هەرکام لە شیرکەتەکانی "تێگزاس ئینسترۆمینتێس"، "ئەی، ئێم دی" و "ئینتێل" تۆمار کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە ئەو پارچە چەکانەیان بۆ دروستکردنی پەهپاد و مووشەک لە دژی ئۆکراین بەکار هێناوە.

ئەو بڵاڤۆکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتری ئەو سکاڵایە کردووە و نووسیویەتی: "ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆماری کردووە لە قوربانییانی ئەو پەهپاد و چەکانەی ڕێژیمی تاران و ڕووسیەن کە لە شەڕی دژی ئۆکراین بەکار هێندراوە".

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا، سکاڵاکەران و پارێزەرانی ئەو دۆسییە ئەو سێ شیرکەتەیان بە "کەمتەرخەمی"، "پێشێلکردنی یاسای کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی ئەمریکا"، "کوشتنی بەئەنقەست" و "خەمساردی لەهەمبەر گیانی خەڵکی ئاسایی" تاوانبار کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا سکاڵاکەران پێداگرییان لەسەر سزادانی توندی ئەو شیرکەتانە کردووە تاکوو لە دووبارەبوونەوەی وەها هەوڵێک لەلایەن شیرکەتەکانی دیکەوە ڕێگری بکرێت.

شایانی باسە وەزارەتی دادگوستەری ئەمریکا ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان باسی کە تۆمارکردنی سکاڵایەک لەهەمبەر ڕاگرتنی ٥٨٤ هەزار دۆلار ئەرزی دیجیتاڵی تێتێری پێوەندیدار بە "محەممەد عابدینی نەجەف ئابادی"، بەڕێوەبەری گشتیی "پیشەسازیی زانستی ڕەهپوویانی ئەفلاک" کە پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکی سپای پاسدارانەوە بووە، کردووە. 

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیک بە ٧٠ لەسەدی پارچە چەکی مووشەکی و پەهپادیی ڕووسیە لەلایەن شیرکەتە ئەمریکاییەکانەوە دروست دەکرێت.