کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتیی نهێنیی ڕووسیە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران

16:42 - 26 سەرماوەز 2725

ڕێژیمی ئێران بە یارمەتی ڕاستەوخۆ و نهێنیی دەوڵەتی ڕووسیە بەرنامەکانی پێوەندیدار بو چەکی ناوکی بەرەو پێش دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی وای نێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاو کراوەتەوە، شاندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئیران سەردانی شێرکەتێکی تیکنۆلۆژیی نیزامیی ڕووسیەی کردووە کە لە لیستی سزادراوانی ئامریکادایە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا هەواڵگەلێک لەسەر ڕۆڵی ڕووسیە لە بەرەوپێشچوونی بەرنامەکانی ئێران سەبارەت بە چەکی ناوکی بڵاو کراوەتەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئامریکا لە مانگەکانی ڕابردوودا چەند جارێک ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی هێرشەکانی ئامریکا بۆ سەر سایتی نەتەنز، فۆردۆ و ئێسفەهان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بەرنامەی چەکی ناوکیی ئێران لەنێو چووە.

وای نێت دەلێت کە ئامانجی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و مۆسکۆ، "تەواوکەری قۆناغی کۆتایی" بەرنامەی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڵاڵەی چەکی ناوکییە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نوێنەرانی ڕێژیم لەم گەشتەدا دیدارێکیان لەگەڵ نێردراوانی شێرکەتی ڕووسیی لەیزر سیستێمزدا هەبووە.

ئەم شێرکەتە ڕووسیە کە لە بواری تێکنۆلۆژییەکاندا کارکردی نانیزامی هەیە و هەروەها لە چوارچێوەی نیزامیدا چالاکە، لەلایەن ئامریکاوە سزادراوە.

پێشتر لە مانگی گەلاوێژیشدا فایننشاڵ تایمز باسی لە گەشتی شاندێکی ئێرانی بۆ ڕووسیە و دیدار لە دامەزراوە زانستییەکانی ئەم وڵاتە کردبوو.

ئەم قۆناغە جەختی لەسەر تێکنۆلۆژیی لەیزری، شێوەکاری و پارچەی دوومەبەستەیە کە بە وتەی ئەم ڕاپۆرتانە دەتوانرێت لە توێژینەوەکان سەبارەت بە چەکی ناوکی کەڵکییان لێ وەربگرێت و مەودای ڕێژیم تا تەواوکردنی گەڵاڵەی چەکی ئەتۆمی کورتتر بکاتەوە.