ڕێژیمی تاران لە نوێترین هەوڵەکانی بۆ قەرەبووی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە بەرانبەر ئیسرائیل، بە هەڵواسینی وێنەیەکی گەورە لە گۆڕەپانی فەلەستین لە تاران کە تێیدا وێنەی چەکدارانی حیزبوڵڵا و هێمای ئەو گرووپەی تێدایە، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو وێنەدا نووسیویانە: "ئەی ئیسرائیل، بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە بە" و "لە لوبناندا چاوەڕوانی شەڕێکی دیکە بە" و شرۆڤەکارانی سیاسی ئەو ئاکارانەی ڕێژیمی تاران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان و شکستەکانی ئەم دواییانەی لە بەرانبەر ئیسرائیل دەگەڕێننەوە.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا عەلیئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا سەفییەدین نوێنەری حیزبوڵڵا لە تاران، پێداگریی لە پشتیوانییەکانی ڕێژیم لەو گرووپە چەکدارە کردەوە و ڕایگەیاندبوو: "لێبڕاوانە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا بەردەوامین".
ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی لوبنان هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکەی و ئارامیی ناوچەکە لە ڕێگەی چەککردنی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان گرتووەتە بەر.
شایانی باسە نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز، لەبارەی گوشارەکانی دەوڵەتی لوبنان بۆ چەککردنی گرووپەکەی ڕایگەیاندبوو کە بەهیچ شێوەیەک چەک دانانێن و گوشارەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ناچارکردنی بەرپرسانی لوبنان بۆ چەکدانانی ئەم گرووپەی بێ ئاکام زانیوە.
گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بەتایبەت لە لوبنان لەکاتێکدایە کە دامەزراوەی "گاڵۆپ" لە ڕاپرسییەکدا باسی لەوە کردبوو کە زۆرینەی خەڵکی لوبنان خوازیاری ئەوەن کە چەک تەنیا لە دەستی ئەرتەشدا بمێنێتەوە و پێیان باشە کە حیزبوڵڵا چەک بکرێت، ئەوەش ڕاستییەکە کە نیشاندەری کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵکی لوبنان و گرووپەکانە کە تەنیا بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەی حکوومەت و یاسادا درێژە بە چالاکییە سەربازی و شەڕەنگێزییەکانیان دەدەن.