هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارنامەی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران چووەتە دەستووری کاری کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ٨٥ ڕێکخراوی مافی مرۆیی بە دەرکردنی بەیاننامەیەی هاوبەش، سەبارەت بە پەرەسەندنی پیشێلکارییە بەربڵاو، ڕێکخراو و سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران هۆشدارییان داوە و خوازیاری ڕادەستکردنی ئەم دۆسییەیە بۆ دادگای لاهە بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەم بەیاننامەیە بە پشتبەستن بە سێ ڕاپۆرتی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهاتوو لە ڕاپۆرتی بەرپرسی گشتی، ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە کاروباری ئێران و کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، جەخت دەکاتەوە کە ئاست و پانتایی پێشێلکارییەکان لە ئێران لە ئاستی جینایەت دژی مرۆڤایەتیدایە.
واژۆکەران جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەرچی ئەم ڕاپۆرتانە لە ڕوانگەی جیاوازەوە ئامادە کراون، بەڵام هەموویان لەسەر هەبوونی مۆدیڵی چڕ و توند، دووبارەکراو و سیستماتیکی سەرکوت و پارێزراوبوونی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ هاوڕان.
ئەم بەیاننامەیە لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی خەزەڵوەردا، بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بە ٧٩ دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر ٢٨ دەنگی نەرێنیدا پەسەند کرد؛ بڕیارنامەیەک کە فۆکۆسی لەسەر زۆربوونەوەی لەسێدارەدانەکان، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، سنووردارکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکانە.
مای ساتۆ ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بەردەوامیی لەسێدارەدانە بەربڵاوەکان و گوشاری ڕێکخراو بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی، ئێرانی خستووەتە سەر ڕێبازی جینایەت دژی مرۆڤایەتییەوە.
ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لە بەشی کۆتایی بەیانامەکەدا، داوایان لە کۆڕی گشتی کردووە کە بە بەهێزکردنی ناوەرۆک و زمانی بڕیارنامەکە، هەوڵ بۆ ڕادەستکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ دادستانی دیوانی کەیفەریی نێونەتەوەیی بدات و پشتیوانی لە پێکهێنان یان درێژکردنەوەی سازوکاری ڕاستەوخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و پاراستنی هۆکارەکان بدات.
ئەوان هەروەها جەختیان لەسەر ئازادیی خێرای بەندکراوانی سیاسی، ڕاگرتنی سێدارەکان و کۆتاییهێنان بە سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکان کردووەتەوە.
ئەم بڕیارنامەیە بۆ جەختکردنەوەی کۆتایی لە بارەگای کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە نۆرەی دەنگدانەوە.