کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەرمان لە کوردستان و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم

17:02 - 26 سەرماوەز 2725

کەمیی دەرمانەکانی تایبەت بە شیمی دەرمانی و ئەو دەرمانانەی کە بۆ باشتربوونی دۆخی نەخۆشەکان بەکار دەهێنرێن، گیانی تووشبووان بە شێرپەنجەی خستووەتە مەترسییەوە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگا هێشتا لە ئاستی دروشمدا ماوەتەوە.

لە کوردستاندا شێرپەنجە تەنیا نەخۆشییەک نییە، بەڵکوو بووەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ بنەماڵەکان و نەخۆشەکان لە پارێزگای سنە، لەگەڵ تێچووی قورسی دەرمان، پێویستیی سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی پارێزگا و ناسەقامگیری لە دابینکردنی دەرمان بەرەوڕوون.

ئەم کێشانە، نەخۆشەکانیان گیردۆدەی گوشاری دارایی و تێكچوونی دەروونی کردووە و ڕیشەیان نەک لە کەمیی دەرمان لە کوردستان، بەڵکوو لە ناکارامەیی لە بەڕێوەبەری بۆ دابینکردنی دەرمان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەرمان و بێبەریکردنی سیستماتیکی کوردستان لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پێویستدایە.

دەرمانە گرینگەکان کە درێژەی ڕەوتی چارەسەر و تەنانەت مانەوەی نەخۆشخانیان پێ بەستراوەتەوە، لە دەرمانخانە دەوڵەتییەکاندا بە کەمی دەست دەکەون و دابەشکردنی درێژخایەنیان بەپێی پشک، نەخۆشەکان ناچار دەکات کە ڕوو لە بازاڕی ئازاد بکەن و چەند قات زیاتر پارە بدەن؛ بازاڕێک کە زۆربەی بنەماڵەکان هەر دەستیان پێ ڕاناگات.

بنەماڵەکان و نەخۆشەکان جەختیان کردووەتەوە کە وادەی دووپاتکراوی بەدواداچوون و وتەی بێئاکامی بەرپرسانی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگا هیچ یارمەتییەک بە دابینکردنی دەرمانەکان ناگەیێنێ.

زۆربەی نەخۆشەکان زۆر جار بۆ دابینکردنی دەرمان لە نێوان دەرمانخانە و ناوەندە دەرمانییەکاندا سەرگەردان ماونەتەوە و لە کۆتاییدا ناچار کراون بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست، ڕێگای دوورودرێژی ڕۆیشتن بۆ پارێزگاکانی دیکەیان ببڕن، تێچوویەک کە گوشاری ئابووری و جەستەیی زیاتریان دەخاتە سەر.

کەمیی دەرمان و وڵامدەرنەبوونی بەرپرسانی ڕێژیم، قەیرانی تەندروستیی لە کێشەیەکی پزیشکییەوە بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی گۆڕیوە و بەردەوامیی ئەم پرسە نیشاندەری گرینگینەدانی ڕێژیم بە گیانی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستاندایە.