کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە نەوەدونۆیەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردن و لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەر و ئەشکەنجەدا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات و بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی "ئاشتی" هاتووە: "ئاشتی بەبێ ڕاستی و دادپەروەری مسۆگەر نابێت".
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا باس لە ڕامین زلە، بەندکراوی سیاسیی کورد کراوە کە لە بەندیخانەی نەغەدە و لەلایەن لقی یەکی بەناو دادگای ڕێژیم لە مەهەباد و بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
باسکردن لە دۆخی هەرکام لە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە، بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی، ئەکبەر دانشوەرکار، محەممەد تەقەوی و ئەبولحەسەن مونتەزێری بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیە بووە.
هەروەها بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان بەنیسبەت ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چەند بەندکراوێکی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا هۆشداریی جیددی دا.
زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە دەری دەخات کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦٧ حاڵەت و لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە زیاتر لە ٢٧١ حاڵەتی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە.
لەو بەیاننامەدا داوا لە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان کراوە کە لە ئاستی ئەو تاوانانەی ڕێژیمی تاراندا، بێدەنگ نەبن.