ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی کاک عەزیز تابناک کوڕی حاجی ساڵەی تابناک لە تەمەنی ۷۸ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ و دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.
کاک عەزیز لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا لە ناوچەی قاقڵاوا و تورجان وەک ئەندامێکی هێزی پشتیوان بەردەوام یاریدەدەری پێشمەرگانی حیزبی دێموکرات بوو و هەموو ئەرکێکی پێسپێردراوی حیزبی جێبەجێ دەکرد.
ماڵەکەی شوێنی حاوانەوە و ڕێکخستنەکانی حیزب بوو. هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی ئەوەی برایەک و دوو لە ئامۆزاکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەگیرێ و بە سەختی ئەشکەنجە دەدرێ.
لە یەکێک لەو گرتن و ئەشکەنجەکردنانەدا بە چلەی زستان شەوانە تا بەیانی لە بەفردا ڕایدەگرن و بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشیی گورچیلە دەبێ کە هەتا کۆتایی تەمەن بەو دەردەوە ناڵاندی و دواجاریش هەر بەهۆی لەدەستدانی هەر دوو گورچیلەکانی کۆچی دوایی کرد.
کاک عەزیز کەسایەتییەکی قورس و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک بوو و کاریگەریی زۆری لەسەر لاوان بۆ ڕاکێشانیان بۆ سەنگەری خەبات و شوناسخوازی بوو.
ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی کەسێکی حیزبی و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە خۆشەویست بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.