کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین ژمارەی گۆڤاری خوێندکاریی کارین لە زانکۆی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە

10:07 - 27 سەرماوەز 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، یەکەمین ژمارەی گوڤاری خوێندکاریی کارین بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بڵاو کرایەوە.

ئەم گۆڤارە، گۆڤارێکی کۆمەلایەتی-زانستی- ئەدەبییە کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی بلاو دەبێتەوە.

کۆمار مەجیدی، سەرنووسەر ئەم گۆڤارە لە پێشەکیی یەکەمین ژمارەیدا نووسیویەتی:  "ئامانجی ئەم گۆڤارە ئەوەیە پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی کە خوێندکاران چالاکتر بن و لە زانکۆ و مەیدانە جیاوازەکاندا ڕۆڵ و دەوری کاراتر بگیڕن. بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی چالاکیی خوێندکاران، دەگەین بەو ئاکامەی کە خوێندکار چۆن و بە چ شێوەیەک توانیویەتی لە مەیدانە جیاوازەکانی کۆمەڵگای خۆیدا، دەورێکی کارا و ڕۆشنبیرانە بگێڕێت. ئەگەرچی ئاخێزگە و مەیدانی چالاکیی زۆریەک لە ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان، لە سەرەتادا زانکۆ بووە، بەڵام ئاستی داخوازی و ویست و مافەکانیان تەنیا پەیوەست بە زانکۆ نەبووە و خۆیان بە کێشەکانی تەنیا ناوزانکۆیی سنووردار نەکردووەتەوە. بە تاریفێکی تر خوێندکار، زمانحاڵی پرس و کەڵکەڵەکانی گشتی و تاکەیی کۆمەڵگای خۆیان بوون کە هەر ئەو کێشانە لە ناو زانکۆ و ژیانی خوێندکارانیشدا ڕەنگی داوەتەوە و بەم شێوەیە، خوێندکار وەک چینێکی

خوێندەوار و ئاگامەند، پێگەی خوێندکاریی خۆی وەک کەسایەتییەکی ڕەخنەگر و ڕۆشنبیر و هەروەها زانکۆ وەک شوێنێک بۆ خۆنواندنەوەی ئەو، کردووە بە مەیدانی بە پرسیارکێشانی هۆکارەکانی دۆخی هەنووکەیی و ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژی دەسەڵاتی زاڵ."

ژمارەی یەکەمی گۆڤاری کارین، ئێستا لە کۆلێژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەردەستە.