نیگەرانیی بنەماڵەی قوتابییان لە ئیلام لەمەڕ تێکچوونی باری تەندروستیی مناڵەکانیان بەهۆی خواردنەوەی شیری ماوەبەسەرچوو و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم کەمتەرخەمییە، بەرپرسانی ڕێژیمی ناچار بە بەدواداچوون و وڵامدانەوە کرد.
ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ هەواڵدەریی مافی مرۆیی کوردپا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک باسی لە دابەشکردنی شیری ماوەبەسەرچوو لە قوتابخانەکانی ئیلامدا کرد کە تێکچوونی تەندروستیی ژمارەیەک لە قوتابییانی بە دواوە بووە.
ڕۆژێک دواتر پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەو شیرە بەسەر ٧٥٠ قوتابخانەی پارێزگاکەدا دابەش کراوە و لە بواری کوالێتی و تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا و ڤیدیۆی بڵاوکراو لەلایەن ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییەوە، شیرەکە بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیی ژمارەیەک لە قوتابییان و بەم هۆیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەریان وەرگرتووە.
چەند ڕۆژ دواتر و لە ٢٥ی سەرماوەزدا، هەواڵدەریی تەسنیمی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە باسی لە پارادۆکسێکی زەق لە نێوان لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لەمبارەوە کرد.
تەسنیم لەمبارەوە نووسیویەتی ئیرەج زەینیوەند بەرپرسی پەروەردەی ئیلام لە یەکەم کاردانەوەدا ئەم بابەتەی ڕەت کردەوە و بەڵام لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دواتردا، بەرپرسی تۆڕی بێهداشت و دەرمانی پارێزگای ئیلام، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە شیرەکە ستانداردە پێویستەکانی نەبووە و بڕیاری کۆکردنەوە و لەنێوبردنی دراوە کە بەکارهێنانی وشەی "لەنێوبردن" نیشانەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان سەبارەت بە بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانی شیرەکە بووە.
تەسنیم لەمبارەوە رایگەیاندووە کە بەرپرسانی پەروەرەدەی ئیلام لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایانگەیاندووە کە شیرەکە بە مەبەستی پشکنین دەنێرنە لابراتوارەکان و لەمبارەوە ڕاپۆرتێک بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.
پێداگریی بنەماڵەی قوتابییەکان و هەستیاربوونیان سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەکانیان و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، وەکوو کارتی گوشار بەرپرسانی ڕێژیمیان ناچار بە وڵامدانەوە کرد.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزێن بۆ قوتابییانی بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا بەدواوە بووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لە بێدەنگیدا نەک هەر کێشەکانیان چارەسەر نەکردوون بەڵکوو بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ڕووداوی دڵتەزێنتر و قەرەبوونەکراوی دیکە بێنە ئاراوە کە لەمبارەوە دەتوانین ئاماژە بە ڕووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار، ژەهراویی بوونی ئاوی چەندین قوتابخانە و ڕووخانی قوتابخانەکان بەسەر قوتابییاندا بکەین.