بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخی ژیان، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی خستوونەتە ژێر گوشارەوە و لەم نێوانەشدا، شۆفێرەکان دۆخێکی خراپیان بەسەردا سەپاوە.
بە وتەی بەرپرسی ئەنجومەنە سێنفییەکانی شۆفێرەکان لە کرماشان، داهاتی مانگانەی شۆفێرەکان تەنیا بەشی دابینکردنی بژێوی ١٢ هەتا ١٥ ڕۆژی ژیانیان دەکات.
موختار داوودی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم، پەرژاوەتە سەر کێشەی شۆفێرەکان و بەتایبەتی باسی لە کێشەی ئەو شۆفێرانە کردووە کە کاری ڕاگواستنی خەڵک دەکەن.
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی شۆفێرەکان ئەوەیە کە لەباری ئابوورییەوە، نە ئەوان قازانجیان بۆ دەمێنێتەوە نە خاوەنی ماشینەکان.
داوودی ڕایگەیاندووە نرخی جووتێک تایەی ماشین لە ساڵی ڕابردوودا ٥٧ میلیۆن تمەن بووە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وای کردووە کە نرخەکان ئەمساڵ بگەنە ١٢٠ هەتا ١٣٠ میلیۆن تمەن.
ناوبراو ئاماژەی بە کێشەی بیمەی تەواوکەر و بەرزبوونەوەی نرخی ڕۆن و تێچوووی زۆری کەرەستە یەدەگەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە هیچ چاوەدێرییەک بەسەر نرخەکاندا نییە.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لە گرانیی نرخی درێژکردنەوەی ماوەی کارتی هۆشمەند بۆ شۆفێرەکان کردووە کە هەرجار بۆ پشکنینە تایبەتەکان دەبێ زیاتر لە یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارە خەرج بکەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەگەر شۆفێرێک بۆ هاتوچۆیەک لە کرماشانەوە بۆ تاران یەک میلیۆن و نیو کرێ وەربگرێت و لە مانگێکدا تەنیا ٢٠ جار هاتوچۆ بکات، ٣٠ میلیۆن تمەن پارەی دەست دەکەوێت کە بە سەرنجدان بە تێچووی خۆراک، تێچووی هاتوچۆ و باقی خەرجییە لاوکییەکان، پارەیەکی وای بۆ نامێنێت و لە ئاساییترین حاڵەتدا داهاتەکەی تەنیا بەشی ١٢ هەتا ١٥ ڕۆژ دەکات.
نەبوونی چاوەدێڕیی چڕ بەسەر نرخەکان لەلایەک و گرانبوونی نرخی دۆلار لەلایەکی دیکە دۆخی ئابووری خەڵکی تووشی داڕمان کردووە و هیچ ئیرادەیەکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نابینرێت.