وزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە دەسپێراگەیشتن بە چەکی ناوکی تاوانبار کرد و هەوڵەکانی ئەو ڕێژیمەی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە لە قەڵەم دا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز، گیدۆن سعار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتوویژێک لەگەڵ "ئەلعەرەبییە" بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە بە هاوکاریی ئەمریکا و شەڕانگێزییە بەردەوامەکانی ئەو ڕێژیمە ڕایگەیاند: "ئامانجی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ئیسرائیل نییە".
گیدۆن سعار باسی لە پشتیوانیی ڕێژیمی تاران لە حیزبوڵڵا کرد و هەوڵەکانی ئەو گرووپەی بە پێشێلکردنی سەروەریی ئیسرائیل لە قەڵەم دا و وتی: "بە سەرنجدان بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا، هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان، پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتە نییە".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها باسی لە هەوڵە دژە جوولەکانی ڕێژیمی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "جیهان لە بەرانبەر هەوڵی دژە جوولەکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وەک پێویست هەنگاویان نەناوە".
شایانی باسە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئانتۆنی ئاڵبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی دەستێدابوونی تاران لە دوو هێرش دژی جووەکان لە سەر خاکی ئوسترالیا دا.
هەروەها ڕۆژی ٢٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشی وەزیری نێوخۆ و داواكاری گشتیی وڵاتی ئوسترالیادا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە فەرمی بە پشتیوان و سپۆنسەری تێرۆریزمی دەوڵەتی بەتایبەت لە دژی جوولەکەکان ناساند.
ئەو هەوڵانەی وڵاتی ئوسترالیا بووە ڕسواییەکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی و زۆربەی وڵاتانی جیهان لەبارەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمەوە لە دژی جوولەکەکانی هەموو جیهان، هۆشداریی جیددییان داوە.