لە شەوی یەلدای ئەمساڵدا و لە درێژەی ناکارامەیی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمەدا، نرخی شتومەکی شەوی یەلدا بەرز بووەتەوە و لە زۆر شوێندا، نرخەکان بە شێوەیەکن کە کڕینی پێداویستییەکانی ئەم شەوەی بۆ بنەماڵە هەژارەکان گەیاندووە بە سیفر.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە کە لە بەرەبەری شەوی یەلدادا بڵاو کراونەتەوە، نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی شەوچلە، بە شێوەی کاتی لە گۆڕاندایە و بەشێکی زۆر لە خەڵک ناتوانن پێداویستییەکانی شەوچلەی ئەمساڵ دابین بکەن.
بەرپرسی سەندیکای فرۆشیارانی ئاجیل و وشکەباری پارێزگای ورمێ، باسی لە بەرزبوونەوەی ٤٠ هەتا ٨٠ لەسەدی نرخەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا کردووە.
ئەمیر تەنابیساعی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە بە سەرنجدانی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان، توانایی کڕینی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ دابەزیوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، مێهدی بەختیارزادە بەرپرسی ڕێکخراوی مەیدانەکانی میوەی شارەداریی تاران ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ نرخی ئاجیلی شەوی یەلدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤٠ هەتا ٤٥ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە لە شارەکانی کوردستاندا، بەرزبوونەوەی نرخەکان بەرچاوترن و بە سەرنجدان بە پەراوێزکەوتن و خراپبوونی دۆخی ئابووری لە شارەکانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکە و بەتایبەت شارە ناوەندییەکانی ئێران، دابینکردنی پێداویستییەکانی شەوچلە بۆ خەڵکی کوردستان ئەستەمتر دەبێت.
شەوی یەلدا یان شەوچلە، درێژترین شەوی ساڵە کە وەکوو یەکەم شەوی زستان و نەریتێکی کۆن لەلای خەڵکی ئێران و کوردستانەوە به شێوەیەکی تایبەت بەڕێوە دەچێت، بەڵام دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و ئەو نەهامەتییانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرۆکی خەڵکی گرتووە، وای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵک توانانی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم بۆنە گرینگەیان نییە.