کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی مووساد؛ ئێران دەیەوێ بە ڕێککەوتنێکی خراپی ناوکی، جیهان فریو بدات

11:44 - 27 سەرماوەز 2725

بەرپرسی مووساد سەبارەت بە ویست و ئامانجی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە ئێران دەیەوێ بە ڕێککەوتنێکی خراپی ناوکی، جارێکی دیکە جیهان فریو بدات.

دەیوید بارنیا جەختی کردووەتەوە کە تەنانەت ئیزنی جێبەجێکرانی ڕێککەوتنێکی لاوازیش بە تاران نادرێت و ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەرفەتێکی دەست کەوێ، دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەگا.

بارنیا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل ئیزن نادا وڵاتێک کە بەڵێنی لەنێوبردنی ئیسرائیلی داوە بچێتە هیچ ڕێککەوتنێکەوە و باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم بە پەرەدان بە چەکی ناوکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم، تا ئاستێکی زۆر توانایی بەدەست هێناوە و تاکوو ئێستاش جیهانی فریو داوە و ئەگەر دەرفەتی بۆ بکەوێ، چەکی ناوکیی خۆی بەرهەم دەهێنێ.

ئیسرائیل لە گەرمەی شەڕ لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵادا، لە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا  هێرشێکی بێوێنەی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد و لە یەکەم هێرشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج.

لە ڕۆژەکانی کۆتایی ئەم شەڕەدا ئەمریکا بە بۆمبی سەنگەرشكێن هێرشی کردە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم کە ئەم هێرشانە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامییان بۆ ماوەیەکی بەرچاو پەک خست بەڵام بەم حاڵەشەوە هەولەکانی رێژیم بۆ درێژەدان بە بەرنامەی ناوکی بەردەوامە و هاوکات هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەرکوتی ئەم هەوڵانە لە ڕۆژەڤدان.