وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ئەمریکایی "ئێکسدۆس موومێنت" بە هۆی دەورلێدانەوەی گەماوەکانی ئەمریکا دژی ئێران، سزایەکی ٣ میلیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاریی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم کۆمپانیایە بە خزمەتگوزاریی پشتیوانی بۆ بەکارهێنەرانی سەربەخۆ لە ئێران لە بواری تێکنۆلۆژیی داراییدا تۆمەتبار کراوە، هەوڵێک کە بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی دژی یاسای گەمارۆکانە.
ئەم کۆمپانیایە نەرمئامێرگەلێک بەرهەم دەهێنێ کە ئیمکانی بەڕێوەبەریی داراییە دیجیتاڵەکان بە بەکارهێنەران دەدات بە بێ ئەوی کە کۆمپانیاکە داراییەکان ڕابگرێت یان ئاڵوگوڕیان پێ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری، ئێکسدۆس لە ماوەی زەمەنیی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ هەتا ژانویەی ٢٠١٩، سەرجەم ٢٥٤ حاڵەتی خزمەتگوزاریی پشتیوانیی بۆ بەکارهێنەرانێک ئەنجام داوە کە خۆیان وەک دانیشتووی ئێران ناساندووە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداریدا هاتووە کە کارمەندەکانی ئەم کۆمپانیایە بە ئاگایی تەواو لە بوونی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران، لە حاڵەتگەلێدا پێشنیاریان بە بەکارهێنەران داوە تاکوو بە دەورلێدانەوەی گەمارۆکان لەلایەن نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراوەوە، کەڵک لە تۆڕی تایبەتی مەجازی وەربگرن تاکوو شوێنە جوغرافییاییەکەیان بشارنەوە.