ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوبەشیی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە سێمینارێکیان بۆ بەڕێزان "پ. د"هووشمەند عەلی شێخانی" و "ڕەحمان سەلیمی" پێک هێنا.
سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر خاتوو "ئاسکە حەسەن زادە"، بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس و بەڕێوەبەری سێمینارەکە، باسێکی کورتی سەبارەت بە گرینگیی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.
دواتر دوو تابلۆی هونەری کە نەخشە و ئاڵای کوردستان بوون و لەلایەن خاتوو "دڵارام ئەرجەمومەندی"، ئەندامی چالاکی کۆمیتەی زاگرۆسەوە نەخشێندرابوو، خرانە بەرچاو.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا، پ. د "هۆشمەند عەلی شێخانی" مامۆستای زانکۆ باسی لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان کرد و لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە ئاماژەی بە ئاڵای کوردستان و لایەنە هێمایی و نەتەوەییەکانی ئەو ئاڵایە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، ڕەحمان سەلیمی کادری سیاسیی حیزبی دیموکرات باسەکەی خۆی لەژێر ناوی "ئاڵا و پێشمەرگە، ئیرادەی سەروەریخوازیی کورد" پێشکەش کرد.
بەرێز سەلیمی لە باسەکەیدا ئاماژەی بەو تێگەیشتنە کرد کە ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکرات ٨۰ ساڵ لەوەپێش لەسەر پرسی هێماسازی و پتەوکردنی بنەما نەتەوەییەکان هەیان بووە کە خوێندنەوە و تێگەیشتنێک بوون کە لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا دەگمەن بووە.
بڕگەی کۆتایی سمینارەکە، تایبەت کرابوو بۆ پرسیار، سەرنج، ڕاوبۆچوونی بەشداربووان و لەلایەن هەرکام لە کۆڕگێڕانەوە وەڵام درانەوە.