
ناسر ساڵحی ئەسڵ
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت هۆکارەکانی هێرشە مەجازییەکان و هەڵوێستە دوژمنکارانەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی خەباتی نوێ و ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە چالاکییەکان و خەباتی ئەو حیزبە، لێک بدرێتەوە.
ڕێژیمی دیکتاتۆر و مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهـ، لە درێژەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا، هەرگیز بە ئەندازەی ئەمڕۆ و لە ئاستی ئێستای چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ کە لە چوارچێوەی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوتەریب لەگەڵ سەردەمی گەشەی تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییەکاندا فۆرمی گرتووە ــ تووشی وەها دڵەڕاوکێ، ترس و پەرچەکرداری دەمارگیرانە نەبووە.
شێوازە نوێیەکانی چالاکیی تەبلیغی و خەباتی شاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەپۆلێک لە جۆش و خرۆش و هاندانی خستووەتە نێو ڕەوتی خەباتی نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک خۆراسان و شارێکی وەک تارانیش. ئەو چالاکییانە هاوکات وەڵامێک بوون بۆ داواکاری و چاوەڕوانییەکانی نەتەوەی کورد لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەربۆیە هەنگاوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ترس و نیگەرانییەکی قووڵ و بەرچاوی لە نێو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دروست کردووە.
ئامانجی سەرەکی و مەبەست لە قۆناغی نوێی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەیاندنی پەیامێکی ڕوونە:
یەکەم: خەباتی نەتەوەی کورد لە ئێران تا دەستەبەرکردنی مافە ڕەوا سیاسی و نەتەوەییەکانی بەردەوام دەبێت و جەوهەری ئەو خەباتە هەرگیز خامۆش نابێت، بەڵکوو هەمیشە بە زیندوویی و لە ئاراستەی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتدا دەمێنێتەوە.
دووەم: ئەو قۆناغە نوێیە جەختکردنەوەیەکی دووبارەیە لەسەر زیندووبوون و لەئارادابوونی پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی تایبەتی ناوچەیی و جیهانیدا؛ پرسێک کە هاوکات لەگەڵ خەباتی پارچەکانی تری کوردستان، هەروا چالاک و کاریگەرە.
چالاکییەکان و خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای کاریگەرییە ئەرێنی و بەربڵاوەکان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا، بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ناچار کردووە کە شێوازێکی تایبەت و جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕاپەڕینە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە بەر. ترس و نیگەرانیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە چالاکییەکانی ئەم دواییەی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی، فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ــ بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە خێرا و بەردەوامەکانی ناوچەکە و جیهان ــ خاوەن واتا و چەمکێکی قووڵە و ڕێژیمی بەرەو توندکردنەوەی هەڕەشە، سەرکوت و کەشوهەوای خەفەقان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بردووە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خێرا ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و لە نێوان هەڕەشە و دەرفەتەکاندا، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی ئەکتەرە نوێیەکانی وەک حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ڕەوتی ئاشتی لە باکووری کوردستان، بەگشتی بارودۆخێکی لە بزووتنەوەی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکاندا خوڵقاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناچار کردووە بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی ئەو گۆڕانکارییانە لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی، هەوڵەکانی چەند قات بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران، بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەوڕووە؛ لە پابەندنەبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاوکارینەکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بگرە تا پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ، دۆخی نالەباری ئابووری، ناکارامەییی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، گەندەڵیی ئیداری و دارایی، بێکاری، بەرزبوونەوەی توندی نرخەکان، بێبەهابوونی دراوی نەتەوەیی، پەرەسەندنی گەندەڵیی ئەخلاقی و توندبوونی چەندجەمسەری لە نێوخۆی وڵاتدا. بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە ڕێژیم لە کردەوەدا بێبەرییە لە هەر چەشنە بەرنامە و ڕێکارێکی کاریگەر بۆ باشکردنی ئەو دۆخە.
لە وەها بارودۆخێکدا، ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات پەردەپۆشی خەباتی نەتەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بکات و بەو سیاسەتە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بەرەو گۆشەگیری ببات؛ هاوکات خەریکی سەرکوت و سڕینەوەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی نەیاری خۆی لە نێوخۆدا دەبێت.
هەڕەشە و لێدوانەکانی ئەم دواییەی ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسداران سەبارەت بە لەنێوبردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خۆی نیشانەیەکی ڕوونە لە زیندووبوونی ئەو حیزبە و گەواهییەکی ئاشکرایە بۆ کاریگەریی خەباتەکەی دژی ڕێژیم لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ڕێژیمی ئێران بەباشی دەزانێت کە حیزب و هێزە خەباتکارە کوردەکان، و لە نێوانیاندا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان، هێشتا لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە ناوەندی ئێرانیشدا خاوەن پێگەی جەماوەری، هێزی کارامە و ئامادەیی پێویستن بۆ هەر چەشنە گۆڕانکارییەک. هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەکانی سوپای پاسداران دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشتڕاستکردنەوەیەکی ڕوونی ئەو ڕاستییەیە.
لە دۆخی ئێستادا، سیاسەتی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران لەسەر چڕبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر و هەروەها نەتەوەی بەلووچ داڕێژراوە؛ ئەو هێزانەی کە وێڕای هەبوونی پێگەی جەماوەری، خاوەن مێژوو و توانای خەباتی چەکداریی کاریگەر و بەهێزن لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
لە کۆتاییدا، لە دۆخی قەیراناویی نێوخۆیی و دەرەکیی ئێستادا، تەنیا ڕێگەی جیدی و کاریگەر بۆ هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و نەتەوەکانی تری ئێرانی نەیاری ڕێژیمی دیکتاتۆر، پشتیوانیکردن و پەیوەستبوونە بە قۆناغە نوێیەکەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هۆشیارکردنەوەی نەتەوەکانی تر لە نێوخۆی ئێراندا.