کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستاندا

01:00 - 29 سەرماوەز 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لەلایەن ستادی فەرماندەهی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

رێوڕەسمەکە بە بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن ڕۆجا شەمسەدینی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە دەستی پێ کرد.

دواتر کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

بەڕێز مەولوودی لە وتەکانیدا باسی لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە و ٨٠ ساڵ تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، بەتایبەتی لە ٤ ساڵی ڕابردوو و دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و باسی لە هاوکاتبوونی ئەو یەکگرتنەوەیە لەگەڵ دەسپێکردنی شۆڕشی ژینا کرد.

ناوبراو لە وتەکانیدا باسی لە پێوەندیی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئەو پێوەندییە ئەوەندە قووڵە کە ڕێژیمی ئێران بە درێژایی تەمەنی هەوڵی لەنێوبردنی داوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئێستادا خودی خۆی لەنێو خەڵکدا مەشرووعییەتی نییە و پێوەندی خەڵک و ڕێژیم لەوپەڕی لاوازیدایە.

کاک مستەفا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەرژایە سەر جۆری هەڵوسوکەتی رێژیم لە ناوچەکە پێش لە ٧ی ئۆکتۆبەر کرد و پەرژایە سەر ئەوە کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ماهییەتی ڕێژیم بە تەواوەتی بۆ هەموو دنیا ئاشکرا بوو و دەرکەوت کە  ئەو ڕێژیمە ئەوە نییە کە کەس باجی پێ بدات و وتیشی: هاتنەئارای دۆخی ئاوا وای ڕەخساندووە کە ئێمە خۆمان بۆ ڕۆژی گرینگ و گەورە ئامادە بکەین.

مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغە هەستیارەدا کرد و وتی کە دۆخی هەنووکەیی ناوچە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە دەگەینێ کە دەبێ ئێمە خۆمان بۆ هەر چەشنە ئەگەرێک ئامادە بکەین و ئەمە تەنیا قسەی حیزبی دێموکرات نییە بەڵکوو ڕووداوەکان دەرخەری ئەوەن و هەموو فاکتەرەکان کە بۆ نەمانی دەسەڵات و ڕێژیمێک پێویست بن ئێستا لەئێراندا هەیە.

ناوبراو باسی لە یەکگرتووی حیزبە کوردستانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کاتێک ئێمە باس لە یەکگرتن دەکەین مەبەست ئەوە نییە کە هەموومان یەک هزر و یەک بیرکردنەوەمان هەبێت، هەبوونی جیاوازییەکان کێشە نییە، بەڵکوو دەبێ پێکەوە فۆرمۆلێکی هاوبەش پەیدا کەین بۆ دروستکردنی هێزێکی گەورە بۆ خەبات و تێکۆشان و ئامانجەکانمان، کە خەڵک لە ناوخۆ و لە شەقامەکان ئەوەیان لە ئێمە دەوێت و بە خۆشحاڵییەوە هەموو کات حیزبی دێموکرات بۆ دروستکردنی ئەو خاڵە هاوبەشە پێشەنگ بووە و ڕۆڵی ئەرێنی هەبووە.

لە بڕگەی دواتردا سروودێک لەژێر ناوی "پێشمەرگەی کوردستان" لەلایەن کاک "غوڵام فاتحی" و گرووپی سروودی هێزی پێشمەرگەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەی دواتردا و وەک نەریتی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات، لەوحی ڕێزلێنان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەو هاوڕێیانەی کە ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبدا خزمەت بە گەلەکەیان دەکەن، لەلایەن کاک کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

ئەو هاوڕێیانەی کە لەوحی ٢٠ ساڵەی تێکۆشانی پێشمەرگانەیان پێشکەش کرا بریتی بوون لە: سەعدی محەممەدی، بداغ بداغی، عارف وەلزی، ڕەفیق میری، عەزیز حاجی ڕەحیمی، سەلاح دەشتی، سیامەند شێخەپوور، محەممەد فەتاحی، مریەم چووکەڵی، ئەردەڵان خوسرەوی و ئەنوەر بڵکامە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێک لەژێر ناوی "خاکیپۆشم" لەلایەن کاک ڕزگار شەڕەفکەندی و گرووپی سروودی هێزی پێشمەرگەوە پێشکەش بە ئامادەبووان و هەموو خاکیپۆشانی مەتەرێزی خەبات کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕيسمەکەدا لەلایەن کاک کەریم فەرخەپوور، بەرپرسی ستادی فەرماندەهی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بۆ ڕیزگرتن لە هاوکارییەکانی هونەرمەندان غوڵام فاتحی و ڕزگار شەرەفکەندی لە ڕێوڕەسمە حیزبییەکاندا، لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.

دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە بە چەند تابلۆ هەڵپەڕکێی کیژ و کوڕانی گرووپی هەڵپەڕکێی ژیلەمۆ ڕازێندرایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێی گشتی خاکیپۆشانی دێموکرات کۆتایی پێ هات.