لە درێژەی چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە حەوتەمین ساڵی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانەدا، لە هەرکام لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە و پاوە ئەو هەڵمەتە ژینگەییە بە گڕوتینێکی هاوڕێیانە و نیشتمانپەروەرانەوە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان، گرووپە شاخەوانییەکان و خەڵکی ژینگەدۆستی شاری سنە لە چاندنی دەنکە "بەڕوو" و نەمام چاندندا بەشداریی چالاکانەیان بوو و هەڵمەتی زاگرۆسانەی ئەمساڵیان لە داوێنی شاخی ئاویەر بە شێوەی بەربڵاوتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە برد.
لەو هەڵمەتەدا یادی سێ شەهیدی ژینگەپارێز، حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی بەرز ڕاگیرا و ژنان بە بەشداریی چالاکانەیان، گڕوتینێکی تایبەتیان بەو هەڵمەتە داوە.
خوێندنەوەی سروودی "خوایە وەتەی ئاواکەی" و چەندین سروودێکی نیشتمانیی دیکە لە بڕگەکانی هەڵمەتی زاگرۆسانەی ئەمساڵی شاری سنە بووە.
هاوکات هەمان ڕۆژ لە شاری سەقز و بە دەسپێشخەری ئەنجومەنی "ژیانی سەوزی سەقز" و بە هاوکاریی ئەنجومەنە مەدەنی، شاخەوانییەکان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژینگەدۆستانی ئەو شارە لەوانەش ژنان، لاوان و منداڵان، هەڵمەتی زاگرۆسانە لە سەرووی گەڕەکی "سەرچنار" بەڕێوە چوو.
لە هەڵمەتی زاگرۆسانەی شاری سەقزدا هاوشێوەی شاری سنە، سروودی حەماسی و نیشتمانی خوێندراوەتەوە و خەڵکێکی زۆری ئەو شارە و ئاواییەکانی دەوروبەر بەشداریی چالاکانەیان هەبووە.
لەو هەڵمەتەدا یادی هەر سێ ژینگەپارێزی شاری سنە و هەموو شەهیدانی ژینگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا و هەوڵ و قوربانیدانی ئەو شەهیدانەیان بەرز نرخاند.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەز، لە شاری پاوە هاوشێوەی شارەکانی سەقز و سنە، هەڵمەتی زاگرۆسانە بە هەوڵی هەرکام لە ئەنجومەنە ژینگەییەکانی "ژیوا" و "چاوگ" و خەڵکی ژینگەپارێزی ئەو شارە لەژێر دروشمی "ژینایی ئەم خاکە، ژینایی زاگرۆسە" بەڕێوە چوو.
شایانی باسە لەو هەڵمەتە ژینگەییەی شاری پاوەدا، منداڵان و ژنان ڕۆڵی بەرچاو و کارایان هەبووە.
هەروەها هەمان هەڵمەتی ژینگەپارێزی لە شاری بانە و لە داوێنی شاخی ئاربابا بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی ئەو شارە و بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان، بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.
لە شاری بانەدا ئەو هەڵمەتە لە کەشوهەوایەکی هاوڕێیانە و نیشتمانپەروەرانەدا بەڕێوە چووە و چەندین پەیامی پڕ لە هەست پێشکەشی بەشداربووان کراوە.
شایانی باسە پێشتریش لە شارەکانی مەریوان و جوانڕۆ و چەند شاری دیکە هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە بەڕێوە چووە.
لە هەڵمەتی ئەمساڵی زاگرۆسانەدا، بەشداربووان بە لەبەرکردنی جلی خاکی و هەوری و بە بەکارهێنانی هێما نیشتمانییەکان و خوێندنەوەی سروودی حەماسی و نیشتمانپەروەرانە، ئەو هەڵمەتەیان بە شێوەی جیاوازتر لە ڕابردوو بەڕێوە بردووە.