کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە کوردستان

11:35 - 29 سەرماوەز 2725

لە بەردەوامیی دەسبسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، چەندین کەس لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار و شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی خەڵكی پیرانشار بە ناوی "سۆران دوورجەدوو'' لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، کە بەم شێوەیە ژمارەی دەسبەسەرکراوانی پیرانشار لەم ڕۆژەدا گەیشتە پێنج کەس .

کوردپا پێشتر باسی لە دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی پیرانشار بە ناوەکانی "هەژار توورەجی"، "ڕزگار خانپایە''، "تاهیر باپیران(بارام) و سیامەند ئیسماعیلی" لە ڕۆژی دوشەممەدا کردبوو.

هەروەها بەیانیی ڕۆژی دوشەممە، "مەولود خالیدی" ٣٣ ساڵە، خەڵكی گوندی "میراوێ"ی شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ئەم بنەماڵەیە و دوابەدوای دەسبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

کوردپا ئاماژەی بەوەش دا کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەد عەباسی" خەڵكی گوندی " گوگجەلی" و " عوبەید سووری" خەڵکی گوندی "شیناوا"ی بۆکانی، بە شیوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.