کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "پێشمەرگەیەک لە بناری ئاربەبا "

18:00 - 29 سەرماوەز 2725

ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕێکی بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی "پێشمەرگەیەک لە بناری ئاربەبا" لە نووسینی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەر "کاک عەلی عەزیزی" بەڕێوە برد.

ئەم کۆڕە ڕۆژی شەممە ۲۹ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و کادر و پێشمەرگە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا بەڕێز محەممەدساڵح قادری، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ناساندن و باسکردن لەسەر کتێبەکە چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

بەڕێز قادری سەرەتا باسێکی کورتی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵ و نەخشی هێزی پێشمەرگە کرد. دواتر پەرژایە سەر گرینگیدان بە خوێندنەوە و نووسین لە ڕاستای بەرژەوەندی گەلی کورددا و ئەمەی بە یەکێک لە شێوازەکانی خەبات وەسف کرد، بە تایبەت ئەو بیرەوەرییانەی کە پڕن لە سەدان شەڕی قارەمانانە و حەماسەخوڵقێن کە دەنووسرێنەوە و وەک کتێبێک بە چاپ دەگەیەندرێن و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند دەکەن.

دواتر بەڕێز قادری سپاس و ماندوونەبوونی کاک عەلی عەزیزی کرد کە توانیویەتی بیرەوەرییەکانی خەبات و تێکۆشانی خۆی بە وردی بنووسێتەوە و کتێبێک بە ناوی "پێشمەرگەیەک لە بناری ئاربەبا" چاپ بکات.

لە بڕگەی دواتردا بەڕێز عەلی عەزیزی نووسەری کتێبی" پێشمەرگەیەک لە بناری ئاربەبا" باسێکی لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە پێک دێت لە ئەزموونی دەیان ساڵ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات و بیرەوەرییەکانی خۆی کە لە نیزیکەوە شاهیدیان بووە. هەروەها بەڕێزیان سپاسی بەشداربووانی کۆڕەکە و هەموو ئەو هاوڕێیانەی کرد کە لە ماوەی نووسینەوە و ئامادەکردن و بە چاپ گەیاندنی ئەو کتێبەدا هاوکارییان کردووە.

 

لە دوابڕگەدا لەلایەن بەڕێزان د. سمایل بازیار و خاتوو سوورەیا پەیڕەوانەوە پەردە لەسەر کتێبەکە لادرا و پێشکەشی ئامادەبووان کرا.