کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی تاران بەردەوامە

11:06 - 10 سەرماوەز 2725

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ٤٠ چەکداری گرووپی تێرۆریستیی حەماسی سەر بە ڕێژیمی تاران لە توونێلەکانی ڕەفەح کراونەتەوە ئامانج و لەنێو براون.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز، ئاویخای ئێدرعی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە هەژماری "ئێکس" ڕایگەیاند: "لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئەرتەش هەوڵەکانیان لەمەڕ لەنێوبردنی ڕێڕەوە زەوینییەکانی حەماس و کوشتنی چەکدارەکانی ئەو گرووپە چڕتر کردووتەوە".

بە وتەی "ئێدرعی"، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا  ڕێرەو و توونێلەکانی ناوچەی ڕەفەح لەنێو براون و لانیکەم ٤٠ چەکداری ئەو گرووپەش کوژراون.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل" بە پشتبەستن بە هەواڵدەرییەکانی سەر بە حەماس ئاماژەی بەوە داوە کە عەبدوڵڵا حەمد کوڕی غازی حەمد، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە ڕەوتی هێرشی ڕۆژی ڕابردوودا کوژراوە.

شایانی باسە ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەردا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە شەش ئەندامی ئەو گرووپەی لە دوای هاتنەدەرەوەیان لە توونێلەکانی باشووری عەززە کردووەتە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس پێشتر سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی سەرەتایی گەڵاڵەی ئاگربەستی ٢٠ بڕگەیی دۆناڵد ترامپ ڕەزامەندییان دەربڕیبوو بەڵام هەتا ئێستا ئەو گەڵاڵەیە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، تێرۆریستانی حەماس هەتا ئێستا لە ناوچەی ئیسرائیلی "ڕەفەح" لە باشووری غەززە کە بە ناوچەی "زەرد"ی ئەو وڵاتە لە قەڵەم دەدرێت، ماونەتەوە.

ناوچەی "زەرد"ی ڕەفەح سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلە کە لە باکووری غەززە هەتا ڕۆژهەڵاتی ئەو ناوچە لەخۆ دەگرێت و ئەو هێڵە سنوورییە لەژێر دەسەڵاتی ئەرتەشی ئیسرائیلدایە و بوونی کەسانی چەکدار و سەربازی تێیدا ڕێگەپێنەدراوە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە فەرماندەیی باشوور، بەپێی بڕیارەکان بەمەبەستی لەنێوبردنی هەڕەشەکان لەو ناوچەیەدا دەمێنێتەوە و لە چالاکییەکانیان بەردەوامن.