کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆیە/ ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لەلایەن یەکیەتیی لاوانەوە بەڕێوە چوو

10:18 - 30 سەرماوەز 2725

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی شەوی یەڵدا شەوی لەدایکبوونی خۆر، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا، ڕێوڕەسمێکی گەورەی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان "بێگەرد خزرپوور" پێشکەشکاری ڕێوڕەسم، بەخێرهاتنی میوانان، ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و یەکیەتیی لاوانی کرد.

لە بڕگەی یەکەمدا، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن "بێهزاد قادری" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

بێهزاد قادری لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئێمە بە ئیلهاموەرگرتن لە ئەندێشەکانی د. قاسملوو، بیر لە داهاتوویەک دەکەینەوە کە تێیدا، لاوی کورد ڕۆڵێکی چالاکی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە. داهاتوویەک کە تێیدا ناسنامەی کوردستانی نە تاوان، بەڵکوو سەرمایەیەکی فەرهەنگی و مرۆیییە."

لە بڕگەی دووەمدا، مۆمی شەوی یەڵدا لەلایەن کاک "محەممەدئەمین کەریمی" باوکی شەهید "ناسر کەریمی" و "هونەر حوسێنی" کوڕی شەهید مامۆستا "حەمدی حوسێنی" هەڵ کران.

پاشان کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکرات و هونەرمەندان "ڕێبوار حەسەنی، محەممەدئەمین کەریمی و ئارام عیزەتپەنا" چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانیی حەماسی و فۆلکلۆریان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا، دێکیۆمێنتارێک لەسەر شەوی یەڵدا و کورتەیەک لە ژیاننامەی د. قاسملوو کە لەلایەن یەکیەتیی لاوانەوە ئامادە کرابوو، بڵاو کرایەوە.

دواتر بۆ زیاتر ڕازاندنەوەی ڕێوڕەسمەکە، کۆمەڵێک پرسیار و مەتەڵ ئامادە کرابوون کە ئاراستەی ئامادەبووان کرا و ئەوانەی وڵامی دروستیان دایەوە، بە گوڵێک خەڵات کران.

ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێ و شادیی گشتی کۆتایی پێ هات.