کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: دەوڵەتی مادۆرۆ هاوکاریی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا دەکات

11:32 - 30 سەرماوەز 2725

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەوڵەتی نیکۆلاس مادۆرۆی بە هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتبار کرد و جارێکی دیکە باسی لە دزەی بەربڵاوی تاران لە ئەمریکای لاتین کرد و وەکوو هەرەشەیەکی ئەمنی ناوی هێنا.

مارکۆ ڕۆبیۆ، ئێوارەی هەینی ٢٨ی سەرماوەز، لە دوایین دانیشتنی خۆی لەگەڵ پەیامنێران لە ساڵی ١٤٠٤ڕایگەیاند کە حکوومەتی ڤێنزوئێلا هاوکاریی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا دەکات و هەروەها وڵاتی ڤێنزوئێلای بە دەسەلاتێکی ناڕەوا ناساند.

ڕۆبیۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مادۆرۆ نەک هەر هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکوو بە شیوازێکی ئاشکرا لەگەڵ مۆرە تێرۆریستییەکانی تۆڕە تاوانکارییەکان هاوکاریی هەیە.

ناوبراو بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ بە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنانی وت: " ئەوان ئێران و حیزبوڵڵا بانگهێشت دەکەن تاکوو لە خاکی ڤێنزوئێلادا چالاکی ئەنجام بدەن".

ڕۆبیۆ وتیشی: "ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێک بەرەوڕووین کە لەگەڵ ئێران، حیزبوڵڵا و هەروەها ڕێکخراوی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هاوکاریی هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوتریش وڵاتی ڤێنزوئێلای بە یەکێک لە بنکە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئەمریکای لاتین ناساندووە و باسی لە بوونی سپای پاسداران لەو ناوچەیە کردووە.

ئەم هەڵوێستانە هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ سەر حکوومەتی مادۆڕۆ، لەوانە؛ بڕیاری دەستداگرتن بەسەر نەوتهەڵگرە سزادراوەکان هاتووەتە ئاراوە و نیشانی دەدات کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە بوونەتە هۆکارێک بۆ زۆربونی ئاڵۆزییەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا.