کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ١٥٥ نوێنەری ڕێژیم لەمەڕ دژوارکردنەوەی یاسای حیجابی زۆرەملێ

11:12 - 12 سەرماوەز 2725

١٥٥ بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە هەوڵێکی دژەڕەگەزیی نوێدا لە دووتوێی نامەیەکدا دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمیان لە ئاستی جێبەجێکردنی یاسای زۆرەملێدا بە کەمتەرخەم لە قەڵەم داوە و خوازیارن بە توندترین شێوە ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، زیاتر لە نیوەی بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم نامەیەکی فەرمییان لە ماڵپەڕی مەجلیسی ڕێژیمدا ڕوو لە سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئەو دەزگایەی ڕێژیمیان لەهەمبەر یاسای زۆرەملێی حیجاب بە کەمتەرخەم و خەمسارد زانیوە و نووسیویانە: "ئەو کەمتەرخەمییە ڕێگەی بۆ بێ حیجابی خۆش کردووە و بەو هۆیەوە ڕووتوقووتی و هەڵسوکەوتی نەشیاو پەرەی سەندووە".

لە درێژەی ناتەبایی و هەڵوێستی دژ بەیەکی نێوان باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم لەمەڕ یاسای دژەژنی حیجابی زۆرەملێ و نامەی ئەو ١٥٥ نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم دەرخەری ئەوپەڕی قووڵیی کەلێنی نیوان ئەو باڵ و تاقمانەی نێو دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و پێشتریش هەڵوێستی جیاواز و دژبەیەکی دیکەیان لەوبارەوە هەرای گەورەی لێکەوتەوە.

ئەو نامەیەی نوێنەرانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لە وەزری هاوینی ساڵی ڕابردوودا، مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم وتبووی کە "ناتوانین هیچ ژنێک بە زۆر ناچار بە ڕەچاوکردنی حیجاب بکەین".

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دەوڵەتی پزشکییان بەناو یاسای توندی بەدحیجابی ڕەت کردەوە و لە واژۆکردنی خۆی بوارد.

ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان ئەو قسانەی سەرۆککۆماری ڕێژیم و دەوڵەتەکەی ڕەت دەکاتەوە و ئێستاش ئەو یاسا دژەمرۆییەی ڕێژیم بە شێوەی بەردەوام درێژەی هەیە و بە توندی ڕەچاو دەکرێت و مانگانە بە سەدان کچ و ژن بە پاساوی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێیەوە ڕووبەڕووی سووکایەتی، ئەشکەنجە، دەسبەسەری و بەندکران دەبنەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر، محەممەدڕەزا باهونەر، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە پەسەندکردنی یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" لەلایەن مەجلیسەوە دوای ڕاوێژ لەگەڵ شۆرای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم ڕاگیراوە.