کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە دوای هێرشی ئیسرائیل

12:30 - 30 سەرماوەز 2725

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەبارەی چارەنووسی بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا دوا و ڕایگەیاند: "هیچ ڕاپۆرتێک لە چەندایەتیی زیانەکانی ئەو هێرشە و ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەبەر دەستدا نییە".

ڕافائیل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پێتێندراو و ڕێژەی زیانەکانی بنکە ناوکییەکان لە دوای هێرشی ئەمریکا لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا نەخراوەتە ڕوو و ئاگاداری زانیارییەکی ئەوتۆ لەوبارەوە نین".

هەواڵدەریی "ڕیا نووستی" ڕووسیە لە زاری ڕافائیل گرووسییەوە نووسیویەتی: "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیان بە چاوەدێرانی ئەو ئاژانسە نەداوە و هیچ ڕاپۆرتێکیان لەمەڕ ڕێژەی ئۆرانیۆم و زیانەکانی بنکە ناوکییەکانی نەخستووەتە ڕوو".

لە یازدەیەمین ڕۆژ لە شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا، ئەمریکا بە فڕۆکەی بی ٢ کە هەڵگری بۆمبی سەنگەرشكێن بوو، هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان و بەپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە بە تەواوەتی پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامییان لەنێو بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سیمۆنا هالپرین، باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕووسیە لەوبارەوە ڕایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە خاکی ئێراندا، بەرنامەی ناوکیی ئەم وڵاتەیان لانیکەم بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ دوا خستووە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە دوای هێرشی ئەرتەشی وڵاتەکەی بە فڕۆکەی بی ٢، باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی واشینگتۆن لە مانگی ژوئەندا، سێ دامەزراوی ناوکیی ئێرانیان بەتەواوەتی لەنێو بردووە.

شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە هەرچەندە بەشێک لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئێران هێشتا توانای تەکنیکی و پیتاندنی ئورانیۆم و توانای نۆژەنکردنەوەی هەیە.