لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم، حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردپا، ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە دۆخێکی خراپی دەروونیدایە.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە: ئەم بەندکراوە بۆ وەرگرتنی دانپێدادانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا کەتووەتە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییەوە.
ئەم لاوە کوردەدا لە دۆسییەکەیدا کوشتنی هێزیكی بەسیجی وەپاڵ دراوە کە لە کۆتاییدا بووە هۆی وەپاڵدانی تۆمەتەکانی "افساد فی الارض" و "بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست" و دەرکردنی حکومی سێدارە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ.
ئەم حوکمە پاش سێ کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣دا دەرچوو و مانگێک دواتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەندرا.
هەڵسەنگاندنی ڤیدیۆی کامێراکانی چاوەدێری نیشانی دەدات کە مێحراب لە شوێنی قەتڵەکەدا نەبووە و ڤیدیۆی کامێراکان لەبەر دەستی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە و هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ بوونی ناوبراو لەو کات و شوێنەدا بوونی نییە.
مێحراب عەبدوڵڵازادە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی "وەلیعەسر"ی ورمێ بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوویزرا.
مێحراب عەبدوڵڵازادە لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦، کوڕی خەڵکی ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێیە کە خەریکی کاری ئارایشگەری بووە.