کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەڵدای خەڵکی ئێران بە تامی تاڵی گرانی

17:24 - 30 سەرماوەز 2725

لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا پێداویستیی خۆراکیی شەوی یەڵدا لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا ٤٠ قات گران بووە و چیتر بەهۆی گرانیی شتومەکی خۆراکییەوە سفرەیەک بۆ کوبوونەوە لەدەوری یەکتر بوونی نامێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، لە ساڵی ١٤٠٤دا بنەماڵەیەکی پێنج یا شەش کەسی بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی سفرەی شەوی یەڵدا وەک درێژترین شەوی ساڵ، زیاتر لە سێ میلیۆن تمەن پارەی پێویستە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گرانیی لەڕادەبەری پێداویستییەکانی شەوی یەڵدا بەنیسبەت ساڵی ١٣٩٤کراوە کە نرخی هەر کیلۆیەک شووتی لە ساڵی ١٣٩٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن بووە، بەڵام لە ئەمساڵدا هەر کیلۆیەک بە زیاتر لە ٣٠ هەزار تەمەن دەفرۆشرێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە گرانی و هەڵاوسان لە ئاستێکدایە کە زۆربەی خەڵکی ئێران ناچارن پێداویستییەکانی شەوی چلە بەشێوەی قیستی دابین بکەن.

شایانی باسە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا گرانیی شتومەک بە ڕادەی ٤٤ لەسەدی لە کاتێکدایە کە حەقدەستی کرێکاران و کارمەندەکان تەنیا ١٦ بەرانبەر بووە و داهات و دەرکەوتی خەڵک یەک ناگرنەوە.

هەروەها لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی سوور یەک میلیۆن و هەر کیلۆ گۆشتی مریشک بە ١٧٠ هەزار تمەن دەکڕدرێت.

لە درێژەی ئەو گرانییەدا، سەرۆکی یەکیەتیی سێنفیی قەنادان و شیرینی فرۆشییەکانی تاران ڕایگەیاندووە: "بەهۆی گرانیی شیرینییەوە، خەڵک لە ئێستادا تەنیا توانای دابینکردنی نیو کیلۆ شیرینییان هەیە".

شایانی باسە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لە بەرەبەری ڕۆژە تایبەتەکاندا وەک سەری ساڵ، جیژنە ئایینییەکان، جێژنە نەتەوەیی و دێرینەکان، دەوڵەت نرخی بازاڕ کۆنتڕۆڵ دەکات و نرخی هەندێک شتومەک هەرزان دەکات هەتاکوو خەڵک بتوانن لەو بۆنەدا هەموو پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئەو ڕێکارە ناگرێتە بەر بەڵکوو خۆی بەشێک لە گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی کەلوپەلەکانە.