کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر

02:24 - 1 بەفرانبار 2725

کۆمیتەی ئاگریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمیتەی ئاگریی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی شەوی یەڵدا شەوی لەدایکبوونی د. قاسملوو، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، ڕێوڕەسمێکی گەورەی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "یەسنا عەسڪەری" پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، باسی لە شەوی یەڵدا وەکوو بۆنەیەڪی کولتووریی کوردستان و هەروەها شەوی لەدایکبوونی قاسملووی ڕێبەر کرد و بە ناوی هەر دوو کۆمیتەی ئاگریی یەکیەتیی لاوان و ئاگریی حیزبی دێموکرات سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرا، کە ڕێوڕەسمەکەیان ڕێک خستبوو، بەخێرهاتنی هەموو میوانان، بەتایبەتی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب کرد.

پاشان "کانی جۆڵا" کچی شەهید عەلی جۆڵا مۆمەکانی شەوی یەڵدای هەڵ ڪرد.

لە بڕگەی دواتردا پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمیتەی ئاگریی سەر بە تەشکیلاتی ئاشڪرای حیزب، لەلایەن "پێشەوا قازی" جێگری بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.

بە دوای ئەوەدا کۆڕی سروودی "٢٦ی سەرماوەز" پێڪهاتوو لە پێشمەرگەڪانی مەڵبەندی ١ی ڪوردستان، سروودێکیان بە ناوی "قاسملوو" پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە بڕگەی دواتردا مامۆستا "بێبەش پیرۆتی" شێعرێڪی پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرد و هونەرمەندی پێشمەرگە کاک "عوسمان ڕەحمانی" بە گوتنی گۆرانییەڪ کۆڕەکەی ڕازاندەوە.

پاشان شێعرێڪ لەلایەن "نەسرین بابەکرزادەئەقدەم" بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا گۆرانییەک بە ناوی "قاسملوو" لەلایەن کۆڕی سروود "شەوی یەڵدا"ی سەر بە یەکیەتیی لاوانی دێموڪراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

پاشان پێشمەرگەی لاو "سەرکەوت تابناک" و هەروەها پێشمەرگەی دێرینی حیزب کاک "کەریم قەڵاتی"، بەو بۆنەوە گۆرانییان پێشکەش کرد و جۆش و خرۆشیان خستە ڕێوڕەسمەکەوە.

وێڕای بەڕێوەچوونی بڕگەکانی ڕێوڕەسم، هاوکات لەسەر ستەیج هەڵمەتی دروستکردنی کەلوپەلی کۆنی کوردەواری و هەروەها نەخشاندنی تابلۆی شێوەکاری بە وێنەی دۆکتور قاسملوو لەلایەن چەندین خاتوونی نێو حیزبەوە لە حاڵی بەڕێوەچووندا بوو.


ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران و پیرۆزبایی شەوی یەڵدا کۆتایی پێهات.