هاوکات لەگەڵ هاتنی شەوی یەڵدا، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی مافویستی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لە گۆڕستانی "بەهەشت محەممەدیـ"ـی سنە لەسەر گلکۆی ڕۆڵە شەهیدەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، بنەماڵە مافویستەکان وێڕای یادکردنەوەی ڕۆڵەکانیان، بەنیسبەت دۆخی نالەباری بژێوی ژیان و سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ڕێژیمی تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە برد و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری هەموو قەیران و کێشە و گرفتەکان زانی.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، دروشمگەلێک وەکوو "نا بۆ سفرەی خاڵی" سەبارەت بە گرانی، هەژاری، گوشاری ئابووری و بەردەوامیی نادادپەروەری بەرز کراوەتەوە.
بنەماڵە مافویستەکان لەو کۆبوونەوەیەدا پێداگرییان لەسەر پێوەندیی نێوان دادپەروەری لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کردەوە.
پێشتریش بنەماڵەی شەهیدان بەتایبەت دایکانی مافویست لە سنە، چەندین جار بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی ڕۆڵەکانیان کە بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کراون، بە وتنەوەی دروشمگەلی وەک: "شەهید نامرێت"، "سوێند بە خوێنی یاران، بەردەوامین تا کۆتایی" و "ژن، ژیان، ئازادی"، یادی شەهیدانی ئەو شۆڕشەیان بەرز ڕاگرتووە و لەمەڕ تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان دەربڕیوە.
شایانی باسە هەتا ئێستا چەندین کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە مافویستانە دەسبەسەر کراون و ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئازاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.