کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا لەمەڕ هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەکە

12:18 - 1 بەفرانبار 2725

بەرپرسێکی ئەمریکایی وێڕای ئاماژەدان بە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی تاران لە ڕێگەی دەریایی و ئاسمانییەوە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو و جیاواز بۆ هێزە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە دەنێرێت.

کاناڵی "ئەلعەرەبییە" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکایی و سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی پڕچەککردنی هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدایە.

لەو ڕاپۆرتەدا، بەرپرسێکی ئەمریکایی باسی لە ڕێگە جۆراجۆرەکانی هەناردەکردنی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەوە بۆ حیزبوڵڵا کردووە.

ئەلعەرەبییە لەو ڕاپۆرتەیدا بە ئاماژەدان بە شکستەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئیسرائیل، لاوازبوونی حیزبوڵڵا و حەماس و گرووپەکانی دیکەی سەر بەو ڕێژیمە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نووسیویەتی: "بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستانە، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بۆ جارێکی دیکە ئەو گرووپانە پڕچەک بکاتەوە".

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا هەوڵەکانی بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە لە پلەی یەکەمی هەموو چالاکییەکانی داناوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە هەرێمی کوردستان کراوە و هاتووە: "بەرپرسانی تاران هەندێک لە چەکەکانیان لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیان و ئەو قاچاخچییانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا چالاکن، هەناردە دەکەن".

شایانی باسە دەوڵەتی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیسرائیلی پێشتریش چەندین جار بەنیسبەت هەناردەکردنی چەک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ حوسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس و گرووپەکانی دیکە هۆشداریی جیددییان دابوو.