ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دووتوێی ڕاپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە ئاماری دەسبەسەرکراوان و سزادراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاویدا کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، لەم مانگەدا، ٨٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشداری لە شۆڕشی ژینا و کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکشیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان وچارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ئەم ئامارانە، لە مانگی سەرماوەزدا سێ مێرمنداڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
ئامارەکانی ئەنجومەن نیشانی دەدەن کە پێنج کەس لە دەسبەسەرکراوانی مانگی سەرماوەز ژنن و ٧٥ کەسیان پیاون .
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: پارێزگای ورمێ ٨١٪، پارێزگای سنە ١١٪، پارێزگای کرماشان ٣٪ی دەسبەسەرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان ٤٪ و هەریەک لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی هەرکام ١٪ی دەسبەسەرکراوەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەم ئامارە هەشت کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون، سزای بەندکردن و سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە .