کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە هەزار و ٨٧٠ لەسێدارەدان لە ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە

16:56 - 1 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆییەکان نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە هەزار و ٨٧٠ کەسی لە ئێراندا لە سێدارە داوە؛ ئامارێکی کەموێنە کە نیشاندەری پەرەسەندنی سیاسەتی سێدارە و کەڵکوەرگرتنی بەربڵاوی ڕێژیم لە سزای مردن وەکوو کەرەستەی سەرکوت و ترساندنی کۆمەڵگەیە.

بەپێی راپۆرتە بلاوکراوەکان لەلایەن بونیادی بروومەند و رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە، شەپۆلی سێدارەدانەکان لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

تەنیا لە مانگی دێسامبردا، کە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە، لانیکەم ١٨٩ بەندکراو لە مەودای کەمتر لە سێ حەفتەدا لە سێدارە دراون.

هەروەها لە مانگی نۆڤامبردا لانیکەم ١٥٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون؛ ئامارێک کە بەشێوەی نێونجی باس لە جێبەجێکرانی ڕۆژانە نزیکەی پێنج سزای سێدارە دەکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەمینە مەزهەبی و نەتەوەییەکان لەوانە کورد و بەلووچ قوربانییانی سەرەکیی سێدارەدانەکان لە ئێرانن.

ناوەندە مافی مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم سێدارەدانانە پێشێلکردنی بەربڵاوی بنەماکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە، دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە پارێزەری سەربەخۆ، دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا و ڕۆڵی بەرچاوی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی لەگەڵە.

بە وتەی ئەم ناوەندانە، سزای سێدارە نەتەنیا کارکردی بەرگێڕەوەی نییە، بەڵکوو بووەتە کەرەستەیەک بۆ نیشاندانی هێز و بەڕێوەبەریی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

لە حەفتەکانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی قەیرانە ناوچەییەکان، لەوانە ئاسەوارەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، کەشی ئەمنییەتیی نێوخۆی ئێران توندتر بووەتەوە و ئەم دۆخە بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، بەستێنیان بۆ خێرابوونەوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە خۆش کردووە.

دۆسییەگەلێک بە تۆمەتە ئەمنییەتییەکان، لەوانە "سیخوڕی" زیاتر لە ڕابردوو لە گوڕێدان، دۆسییەگەلێک کە ناڕوونن و ڕاستبێژییان تێدا بەدی ناکرێ.

زۆربوونەوەی خێرای سێدارەکان نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی وڵامدەربوونی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان و پێبەندبوون بە بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ڕێگای سەرکوت و زەوتی سیستماتیکی مافی ژیانی هەڵبژاردووە.

چالاکانی مافی مرۆڤ بەنسبەت ئاساییکردنەوەی ڕۆژانەی سێدارەدانەکان هۆشدارییان داوە و خوازیاری کاردانەوەی جیددی و کارا لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ڕاوەستاندنی ئەم ڕەوتە نیگەرانکەرەن.