کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی سامانی گشتیی ئێران؛ ناردنی یەک میلیارد دۆلار لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بۆ حیزبوڵڵا

11:05 - 2 بەفرانبار 2725

بەرپرسانی حیزبوڵڵا لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییانەیان لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی قودسی سەر بە سپای پاسداران، خوازیاری یارمەتیی ماڵیی دوو میلیارد دۆلاری بوون و لەلایەن ئەو فەرماندانەی ڕێژیمەوە ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی یەک میلیارد دۆلار دەربڕی.

کاناڵی ئیسرائیلی "کان" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە "ئەگەرچی یارمەتییە ماڵییەکانی تاران بەشێوەی ڕێکوپێک و بەردەوام دەدرێتە حیزبوڵڵا، بەڵام ئەو گرووپە ئەو بڕە پارانە بە پێویست نازانێت و داوای دوو میلیارد دۆلار پارە دیکەیان کردووە هەتاکوو لەو ڕێگەیەوە خۆیان دووبارە لە بواری سەربازییەوە تەیار بکەنەوە".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گەمارۆکان، دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئێران، هەڵاوسان و گرانی، ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار دەداتە هێزە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان.

پێشتریش ئەمریکا ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕی یەک میلیارد دۆلاری ناردووە بۆ حیزبوڵڵا و هەمان کات داوای لە دەوڵەتی لوبنان کردبوو ڕێگەی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە ببڕێت.

شایانی باسە ڕۆژنامەی "ئەلشەرقولئەوسەت" لە ڕاپۆرتێکیدا لە ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران داوای لە بەرپرسێکی باڵای عێراق کردووە کە کارئاسانی بۆ ئەو بارە ماڵیانەی بکەن کە لە ئێرانەوە بەرەو حیزبوڵڵا ڕەوانە دەکرێن، بەڵام ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

 کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی دارایی و چەکوچۆڵ لە حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە قەڵەم دەدرێت. ئەو گرووپانە بە بەشێک لە میحوەری مقاومەت لە دژی ئیسرائیل دەزانرێن و بە پاڵپشتیی لۆجستیک و ڕاهێنان و هەواڵگری، بەشێک لە توانای سەربازییەکانی خۆیان هەتا ئێستا پاراستووە.