کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لەبەر هەڕەشەکانی ئێران ئاستی ئەمنییەتی کەسایەتییە بەرگریکارەکانی زۆر کردووە

12:37 - 12 سەرماوەز 2725

لە نوێترین هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ چاوەدێریی کاربەدەستان و زانایانی پیشەسازیی بەرگری، ئەم وڵاتە باس لە جێبەجێکردنی بەربڵاوی ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان دەکات.

ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەز ڕایگەیاندووە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، پارێزگاری لە زانایان، بەڕێوەبەران و بەرپرسانی باڵای پیشەسازی بەرگرییان زۆر کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەشەکانی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل زانیوییانە کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە تەنیا لە چوارچێوەی هێزە نیزامییەکانیدا قەتیس نابێتەوە بەڵکوو ئەگەری هەیە کە کەسانی سەرەکی لە بواری وزەی ناوکی و بەرگری بکاتە ئامانج.

هەروەوها سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژەی پارێزگاری لەم کەسانە لە گەشتەکانی دەرەوەی وڵاتییان زۆر کردووە و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیش ڕێوشوێنی جیددیی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە.

هاوکات ڕاپۆرتە ئەمنییە سایبرییەکان پێشاندەری زۆربوونی چالاکی هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوون.

لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی تایبەتی ئەندازیارانی پیشەسازیی بەرگری لەلایەن گرووپی "حەنزەلە" تاکوو ڕاپۆرتی کۆمپانیای "مێندیانت" سەبارەت بە دزەی گرووپی "یوو ئێن سی ١٥٤٩" بۆ دامەزراوەکانی فرۆکەوانی و بەرگری، کۆمەڵێک لەو هەوڵانەیان کە خراونەتە پاڵ تاران.

بەپێی ڕاپۆرتی مەعاریۆ، ئەرتشی ئیسرائیل دوای تاوتوێی هەڕەشەکانی ئەم دواییانە، بازنەی بەرگریی هەتا پلەی سەرتیپی بەرز کردووەتەوە.

هەروەها ئاشکرا بووە کە کەسێکی نەناسراو بە دانانی گوڵ و نامەیەک لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەنێو ماشینی یەکێک لە زانایانی وزەی ناوکیی ئیسرائیل، هەوڵی ناردنی پەیامی هەرەشەئامێزی داوە.