نوێترین هەوڵی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ کەڵکوەرگرتن لە کانگاکانی کوردستان، ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی سەقزی بەدواوە بوو.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دروستکردنی کانگای بەرهەمهێنانی مس لە کێوی وەنەوشە و سەیدە کوردە لە شوێنەکانی وەک مەلقەڕەنی، مەرخوز و ئایچی، ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی ئەم ناوچانەی بەدواوە بووە.
خەڵكی گوندەکانی مەلقەڕەنی، مەرخوز و ئایچی، ئاخکەند و مامەشا کە لەمەڕ چالاکییەکانی کانگاکان و ڕاگواستنی کەرەستەی پێوەندیدار بە بەرهەمهێنانی کانگای مس ناڕازین، کانتینێری دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمیان تێک شکاندووە کە بۆ دروستکردنی کانگا لەو شوێنانە جێگیر کرابوو.
خەڵكی تووڕە و ناڕازیی ناوچە ناوبراوەکان بە واژۆکردنی نامەیەک ڕایانگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی "شاهۆ خادم" کە خەڵکی مەرخوز بووە و ئێستا دانیشتووی سەقزە لەگەڵ کەسێک بە ناوی "موحسن بیگلەری" کە نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە سەقز و بانەیە لەگەڵ دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان هاوکاری دەکات.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە قەت ڕێگە نادەن ئەم کەسانە لەگەڵ دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم، کوێستانەکان، ژینگە و سروشتی ئەم ناوچەیە تێک بدەن.
پێشتریش خەڵکی ئەم ناوچانە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە چالاکییەکانی کانگای زێڕی قوڵقوڵە و لەنێوچوونی بەربڵاوی ژینگە، چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەرگیر بوون کە لەم دەرگیرییانەدا هاووڵاتییەکی لاویش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا.
کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە کانگاکانی سەقز، لەنێوچوونی ڕووەک و سەرچاوە ئاوییەکانی بەدواوە بووە و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە و دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان گەیاندووە.