ژورناڵی "لانگ وار" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، ڕۆڵی تۆڕی بەربڵاوی " جامیعەتولمستەفا"ی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکای لاتینی بەربڵاوتر لە چالاکیی مەزهەبی ڕاگەیاندووە و ئەمەی بە بەرگێک بۆ داپۆشینی چالاکییە تێرۆریستی و نیابەتییەکانی ئێران زانیوە.
لانگ وار بە ئاماژە بە دۆسییەی ئاشکراکراوی گەڵاڵەی تێرۆری باڵوێزی ئیسرائیل، نوسیویەتی کە موجتەبا حوسێنی نژاد، نوێنەری جامیعەتولمستەفا لە وێنێزۆئێلا لە دانیشتنی داڕشتی گەڵاڵەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم پیلانە بە هاوکاریی دوو کەسی سەر بە سپای پاسداران، حەسەن ئیزەدی و مەجید دەستجاتی فەراهانی، ڕێک خراوە؛ ئێف بی ئای بە هۆی هەوڵەکانی دەستجاتی فەراهانی بۆ ڕاکێشانی هێز بۆ وەزارەتی ئیتلاعات لە ئەمریکا دوای کەتووە.
لانگ وار بە پشتبەستن بە بەڵگە دارایی و پێکهاتەییەکان، جامیعەتولمستەفای بە ناوەندێک ناو بردووە کە بوودجە ساڵانەکەی ڕاستەوخۆ لە نووسینگەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانەوە دابین دەکرێت و هەزاران خوێندکاری بیانی لە لقە نێودەولڵەتییەکاندا پەروەردە دەکات.
موحسن ڕەبانی، تۆمەتباری دانانەوەی بۆمبی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین(ئامیا)ش ئێستا بەرپرسایەتیی بەشی ئیسلام ئۆریێنتی لە جامیعەتولمستەفا لە ئەستۆیە.
ئەم ژۆرناڵە نووسیویەتی، ئەم دامەزراوە مەزهەبییە بەرگێکی تێرۆریستییە و دەرچووانیشی لە سەرتاسەری جیهاندا کۆمەڵێک مزگەوت و ناوەندی فەرهەنگییەکان دامەزراندووە.
ئەم تۆڕە لە وڵاتانی وەک ڤێنێزۆئێلا، برزیل، ئارژانتین، ئاڵمان، ئافریقای باکوور و بریتانیادا چالاکە و بەستێنێک بۆ پەرەدان بە پڕوپاگەندەی ڕێژیمی تاران، ڕاکێشانی هێز و داڕشتنی گەڵاڵەی ئۆپەراسینە دەرەکییان پێک دێنێت.
لەکاتێکدا کە ئەمریکا و کانادا تەنیا گەمارۆیان خستووەتە سەر بەشێک لە لقەکانی جامیعەتولمستەفا، چالاکییە بەربڵاوەکانی ئەم تۆڕە تێرۆریستییە لە هەندێ وڵاتاندا هێشتا بەردەوامە.
بەردەوامیی چالاکییە دەرەکییەکانی جامیعەتولمستەفا نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێستاش بۆ بەرەپێشبردنی ئامانجە تێرۆریستییەکانی کەڵک لە ناوەندە مەزهەبییەکان وەردەگرێت.