لە درێژەی شەپۆلی سەپاندنی کەشی پۆلیسی و ئەمنییەتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل، بەرپرسێکی باڵای ڕێژیم باسی لە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی خەڵک بە تۆمەتی بێبنەمای "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" کردووە.
پاسداری تێرۆریست، ئەبولفەزڵ شکارچی، جێگری فەرهەنگیی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خوێندکاراندا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە توڕێکی بەربڵاوی سیخوڕییان دۆزیوەتەوە و لەنێویان بردووە و هەتا کۆتایی شەڕ، نزیک بە ٢ هەزار کەسیان لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر کردووە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ڕێژیم، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان وردەکاریی ڕاستەقینە باسی لە تێچووی قورس و بەرنامەداڕێژراوی چەند ساڵە کردووە؛ بانگەشەیەک کە پێشتر لە کەشێکی ئەمنییەتیی هاوشێوەدا باسی لێ کراوە.
ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕەوتی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەمنییەتیی بەشێوەی داخراو بەڕێوە بردووە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆییەکان، دەسپێڕاگەیشتنیان بە پارێزەری ڕاستەوخۆ و شایەتحاڵی ئەو دۆسییانەیان سنووردار کردووە.
بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا ١٣ کەس لەوانەش چەندین هاونیشتمانیی کورد بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراون کە ١١ حاڵەتیان لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەەوە جێبەجێ کراوە.
گەڵاڵەی ئەو بانگەشەیە لەلایەن بەرپرسانی سەربازی و یاسایی ڕێژیمەوە بۆ جارێکی دیکە، کەڵکوەرگرتن لە تۆمەتی ئەمنییەتی، پێشێلکردنی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و پەرەسەندنی سەرکوتی نێوخۆیی زەق کردووەتەوە.