ڤیدیۆ بلاوکراوەکان لە شەقامەکانی شاری سنە و زۆربوونەوەی دەسفرۆشی و ڕاگرتنی ماشینی میوەفرۆشەکان لەسەر شەقامەکانی ئەم شارە، ئەوپەڕی قەیرانی بژێویی خەڵکی ئەو شارە نیشان دەدات.
بە گوێرەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە لە شەقامە پڕ هاتوچۆکانی شاری سنە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان لە چوارچێوەی پیشەی نافەرمی و لەسەر شەقامەکاندا چالاکی دەکەن و ئەو پیشانەش زۆربەیان هیچ جۆرە پشتیوانییەکی بیمەیی، ئەمنییەتی پیشەیی و لانیکەمی ئیمەنییان نییە.
هەبوونی ئەم ماشینانە قەرەباڵغبوونی شەقامەکان و کێشەی هاتوچۆی بۆ خەڵک زۆر کردووە و ماوەی ساڵانێکی زۆرە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنی دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆ دەسفرۆشەکان و ساماندانی دۆخەکەیان داوە بەڵام تاکوو ئێستا لەمبارەوە هیچ هەنگاوێکی جیددی هەڵنەگیراوە.
بەپێچەوانەی بانگەشە ناڕاستەکانی ئەو هەواڵدەرییە فەرمییەی ڕێژیم، ئەو پیشەیە،یەکەم پیشەی ئەو کەسانەیە و خۆیان لە هەڵبژاردنیدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، بەڵکوو بەهۆی نەداری و نەبوونی دەرفەتی کاری بەردەوامەوە ناچار ڕوویان لەو کارە کردووە.
بە وتەی هاونیشتمانییان، چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان، بێکاریی بەرچاو و کەمبوونەوەی توانای کڕین، ئەوانی ناچار کردووە تاکوو لانیکەمی بژێوی بنەماڵەکانیان لەسەر شەقامەکان و بە دەسفرۆشی دابین بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە زۆرێک لەو کەسانە بەستێنی کارێکی فەرمییان بۆ نەڕەخساوە و لە ڕووی ناچارییەوە کاری لەو چەشنە دەکەن.
زۆربوونەوەی ماشینەکانی میوەفرۆشی لەسەر شەقامەکانی سنە ناتەبایی زەقی لەگەڵ ئامار و بەڵێنییە فەرمییەکانی ڕێژیم لەمەڕ باشترکردنی دۆخی ئەو پیشەیەدا هەیە.
بەردەامیی ئەو ڕەوتە، سەرەڕای زەقبوونەوەی نایەکسانی، دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتی و ئیمەنیی جیددی بۆ سەر هاونیشتمانییان و کەشی ئەو شارەی بەدواوە دەبێ.
پەرەسەندنی پیشەی جۆراوجۆری نافەرمی لە کوردستان نیشانەی دەرەنجامی سیاسەتی ئابووری و ئەمنییەتیی ڕێژیم لە کوردستانە کە بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی و سنووردارکردنی سەرمایەگوزاریی پیشەیی، نەبوونی کارگە و کارخانە و دەرفەتی کاری بەردەوامەوە ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵکی ناچار کردووە کە بۆ دابینکردنی بژێویی بنەماڵەکان، ڕوو بکەنە پیشە پڕ مەترسییەکانی وەک کار لەسەر شەقامەکان.